پارتی دیموکراتی کوردستان_سووریا ڕاگەیەنرا

ھەولێر- تایبەت بەKDP.info /حیزبێکی گەورەی سیاسی لە سووریا ڕاگەیەنرا کە کۆکراوەی چوار حیزبی کوردستانییە، بڕیاریشە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کەسێک وەک سکرتێری حیزبەكە لەلایەن ئەندامانی دەستەی هەڵبژێردراوی سەرکردایەتییەوە دەستنیشان بکرێت.
لەژێر ناوی (پارتی دیموکراتی کوردستان_ سووریا) چوار حیزبی کوردستانی ڕۆژئاوا کە بریتین لە (پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا (البارتی)، پارتی ئازادیی یەک و پارتی ئازادیی دوو و پارتی یەکێتیی کوردستانی)، خۆیان هەڵوەشاندەوە و دواجار لە کۆنگرەیەکدا كە لە شاری هەولێر ئەنجامیان دا توانییان لەژێر ناوی یەک حیزب و یەک سیاسەتی کارکردن درێژە بە خەباتی سیاسییان بدەن،
ئەم چوار حیزبە بۆ ماوەی 3 ڕۆژ لە هۆڵی "شەهید سەعد عبدوولڵا" توانییان یەکەم کۆنگرەی حیزب ئەنجام بدەن، تێیدا کۆمیتەی سەرکردایەتییان هەڵبژارد کە بریتی بوون لە 51 ئەندام بۆ سەرکردایەتی و 10 ئەندامی یەدەگ کە بە شێوەی هەڵبژاردن دەستنیشان کران، ئەو دەستەیەی کە هەڵبژێردراون بۆ سەرکردایەتی لەناو خۆیاندا کەسێک بۆ سکرتێری حیزب دیاری دەکەن.
لەو کۆنگرەدا 643 ئەندام بەشدارییان تێدا کرد کە زۆربەیان لە سووریاوە هاتبوون و بەشێکی دیکە لە هەرێمی کوردستانی عێراق و بەشێکیشیان لە دەرەوەی وڵاتەوە هاتبوون؛ پێشووتریش ئەو چوار حیزبە هاوپەیمانیێکیان ڕاگەیاندبوو لەژێر ناوی یەکێتیی سیاسی.
کارزان هەورامی




