نێچیرڤان بارزانی: سازش لە مافەكانی خۆمان ناكەین

هەولێر - KDP.info/ لە دیمانەیەكدا لەگەڵ كەناڵی ئاسمانی ئاسیای عێراقی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، ئاماژەی بە چەند پرسێكی پێوەست بە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و نەوت و قۆناغی دوای هەڵبژاردنەكان و پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ توركیاو قەیرانی سووریا كرد. لە بەرایی دیمانەكەدا، سەرۆكوەزیرانی هەرێم گوتی دەستوورێكمان هەیە لە عێراق سەدا هەشتای خەڵكی عێراق دەنگیان بۆ داوە و ئێمە لە ساڵی 2003بە ئارەزووی خۆمان چووین بۆ بەغدا و هاوبەشیمان كرد لە دووبارە دامەزراندنەوەی عێراق.
هەروەها نێچیرڤان بارزانی گوتیشی كە سەرۆكوەزیرانی ئێستای عێراق زۆر جار بە شێوەیەكی یەكسان مامەڵە ناكات، كێشەكە لە چۆنیەتیی ئیشكردندایە. سەبارەت بە دەستپێشخەرییەكەی هەرێمی كوردستان بە هەناردەكردنی 100 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە ئێمە دەستوورێكمان هەیە و تێیدا مافی بە هەرێمی كوردستان داوە ئەو مافەی خۆمان پێڕۆ بكەین و نەوت دەربهێنین؛ بە هیچ شێوەیەكیش سازش لەو مافەی خۆمان ناكەین، ئێمە گرێبەستی شەراكەتمان كردووە جیایە لەوانەی بەغدا، سەدا حەوت بۆ كۆمپانیایە ئەوەش مافی خۆیانە چونكە بە دوای نەوتدا دەگەڕێن.
سەبارەت بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتی توركیا، سەرۆكوەزیرانی هەرێم رایگەیاند كە توركیا وڵاتێكی دراوسێیە و كارێكی سرووشتییە كە پەیوەندی هەبێت و هەرێمی كوردستانیش وەك بەشێكی گرینگ بێگومان هەوڵی ئەوە دەدات كە پەیوەندی لەگەڵ توركیادا هەبێت و، هەروەها ئەجێندای كاری ئێمەش لەگەڵ توركیا لە چوارچێوەی پەیوەندیی هەردوو دەوڵەتی عێراق و توركیایە.
سەبارەت بە چارەسەركردنی دۆزی كورد لەو وڵاتەدا، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی ئاشكرای كرد كە پێویستە لەسەر توركیا بە جیددی كار بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد بە شێوەیەكی ئاشتیانە بكات. سەبارەت بە پرسی چارەسەركردنی كێشەی كەركووكیش، سەرۆكوەزیران گوتی: زێدەڕۆیی بە كێشەی كەركووكەوە دەكرێت، بەوپێیەی كێشەی كەركووك نەوت نییە، چونكە ئێستا لە هەموو بەشەكانی دیكەی كوردستان، نەوت هەیە، بۆ چارەسەركردنی كێشەكەش، ماددەیەكی دەستووری لە نێو دەستووری هەمیشەیی وڵات دانراوە، بە گوێرەی ماددەی چارەسەر بۆ كێشەی كەركووك دانراوە، ماددەی سەدوچلیش تەنیا كەركووك ناگرێتەوە، بەڵكو ناوچەی دیكەش دەگرێتەوە.
سەبارەت بە پرسی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە تاوەكو ئێستا بەغدا بڕیاری نەداوە، هێزی پێشمەرگە بەشێك بێت لە سیستەمی بەرگری و ئێستایش دەڵێین ئەگەر پێویست بە پێشمەرگە بكات، لە هەر بەشێكی عێراقدا، ئەوا پێشمەرگە ئامادەیە.
دەربارەی قۆناغی دوای هەڵبژاردنەكانیش، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە گفتوگۆكان لەگەڵ تەواوی لایەنەكان بەردەوامە، بەڵام هێشتا رێككەوتن لەگەڵ هیچ لایەنێك نەكراوە و ئەم هەڵبژاردنەش، گرنگە و هەرێمی كوردستانیش لەم هەڵبژاردنە قسەی خۆی دەبێت و دوای هەڵبژاردنەكان بەرچاومان روونتر دەبێت.
سەبارەت بە پشتگیریكردن لە كاندیدكردنەوەی مالیكیش، بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران بۆ جاری سێیەم، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند كە ئێمە هێڵی سوورمان بۆ هیچ كەسێك نییە، بەڵام وای نابینم كە وەك جارەكانی تریش ببێت، بەوپێیەی ئێمە لە ماوەكانی رابردوو ئەزموونێكی سەختمان لەگەڵ نووری مالیكیدا، هەبووە و بۆیە بە دیتی ئێمە پۆستی سەرۆكوەزیرانی داهاتووی عێراق، لە داواكارییەكانی تەنیا هەرێمی كوردستان كورت نابێتەوە و ئێستاش نووری مالیكیی سەرۆكوەزیرانی لەگەڵ تەواوی لایەنەكان كێشەی هەیە و كێشەكە تەنیا لەگەڵ هەرێمی كوردستان نییە. سەبارەت بە پرسی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە هەر چەندە لە ناوخۆدا كورد جیاوازی هەبێت، بەڵام كورد سەلماندوویەتی كە هەڵوێستی یەكگرتوویان بەرانبەر بە حكوومەتی بەغدا هەیە. لە لایەكی دیكەشەوە لە بارەی پێكهێنانی كابینەی داهاتووی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند كە هەر چەند پێكهێنانی حكوومەت دوابكەوێت، بەڵام گرنگە ئەوەیە هەمووان بەشداری لەو حكوومەتەدا بكەن و پێویستیشە بە ئارامییەوە لەگەڵ كێشەكەكان مامەڵە بكەین.
روونیشی كردەوە كە پێكنەهێنانی حكوومەت بەرەی كورد لە بەرانبەر بەغدا پارچە ناكات. لە كۆتاییدا سەرۆكوەزیرانی هەرێم ئاماژەی دا كە تەنیا گفتوگۆ كێشەكانی عێراق چارەسەر دەكات، نەك بڕینی مووچەی خەڵك.
ن. جەبەلی




