سەرۆك و كاندیدانی هەردوو لیستی 76 و 213ـی پارتی لە هەولێر، بەڵێن دەدەن خزمەتی زیاتری هاووڵاتیان بكەن

هەولێر-KDP.info/ بەرپرسی لقی دووی پارتی دەڵێت، سەركەوتنی لیستەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان وابەستەی پێكەوە كاركردنە و پێگەی حیزبەكەیش بەهێزتر دەكات. نەوزاد هادییش گوتی "ئەزموونی چەند ساڵەمان شایەتی ئەو ڕاستییەن كە زۆرترین خزمەت بە هاووڵاتیان كراوە و لە داهاتوویشدا زیاتری دەكەن.
لە پێناو سەرکەوتنی لیستی 76 ـی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و 213 ـی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەئامادەبوونی عەلی حوسیَن بەرپرسی لقی دوو و نەوزاد هادیی سەرۆکی لیستی 76ـی پارێزگای هەولێر و ژمارەیەک لە کاندیدانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و کارگێڕان و بەرپرسی نووسینگە و ناوچەکان لە هۆڵی پێشەوا کۆبوونەوەیەکی فراوان بەرێوە چوو.
لە میانی کۆبونەوەکەدا بەرپرسی لقی دوو ئاماژەی بە گرینگی هەردوو پرۆسەی هەڵبژاردنەکە کرد و تێیدا باسی لە ئاراستەیەکی دروستی هەڵمەتی هەڵبژاردن و بەرێوەچوونی بە شێوەیەکی ئارام و دوور لە توندوتیژی لە شاری هەولێر کرد.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا بەرپرسی لق باسی لە سەرکەوتنی پارتی کرد لە هەڵبژاردنەکانی رابردوو و تەئکیدی لە هەموو لایەک کردەوە هەمووان بەیەکەوە کار بکەن بۆ سەرکەوتنی لیستی پارتی و دەرچوونی کاندیدەکانی بۆ ئەوەی پێگەی پارتی بەهێزتر بێت.
پاشان نەوزاد هادیی سەرۆکی لیست ئاماژە بە هەموو ئەو دەستکەوت و ئازادی و پێشکەوتنانەی ئەمڕۆی کوردستان و شاری هەولێر كرد و بۆ خەبات تێکۆشانی پارتی و خوێنی شەهیدانی ی گەڕاندەوە.
هادی هەروەها باسی لە بەرنامەی ئەمرۆ و ئایندەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە نێو حکوومەت لە پێناو پێشکەشکردنی زۆرترین خزمەت بە هاووڵاتیان کرد و تەئکیدی کردەوە، ئەزموونی چەند ساڵەی ئیمە لەم بارەیەوە شایەتی ئەو راستییەن لە پێشکەوتنی پایتەخت و خزمەتکردنی هاووڵاتیان، پاشان کاندیدانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خۆیان ناساند و تەئکیدیان لە خزمەتی زیاتر کردەوە.




