موئەیەد تەیب: مەترسیی تێپەڕاندنی بودجەی 2014 لە ئارادایە

بەغدا- /KDP.infoگوتەبێژی هاوپەیمانیی کوردستان تێپەڕاندنی بودجەی عێراق بە مەترسیی ناو دەبات و دەڵێت، بەپێی ئەو پڕۆژەیاسای بودجەیە كە ئەگەری تێپەڕاندنی هەیە، حکوومەتی عێراق دەتوانێت سزای کوردستان بدات.
گوتەبێژی هاوپەیمانیی کوردستان، موئەیەد تەیب، لە لێدوانێکدا بۆKDP.info گوتی: "سەرجەم فراکسیۆنە کوردییەکان لە بەغدا یەک هەڵوێستمان هەبوو لە بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکان لە هەموارکردنەوەی بودجە، چونکە بودجەیەک مووچەی خانەنشینکراوان و کارمەندانی حکوومەت ببڕدرێت و هەرێمی کوردستانی پێ سزا بدرێت شیاوی دانیشتنیشی نییە و ڕەخنەش لەسەرجەم ئەو فراکسیۆنانە دەگرین ئەگەر بەشدار بن لەم پرۆژەیاسایە، لە کاتێکدا ئەوان سوور بوون لەسەر هەڵوێستی خۆیان ئێمەش داوامان لە حکوومەتی عێراق و دەوڵەتی یاسا كردووە گفتوگۆ کردن و دانوساند لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکرێن".
تەب ئاماژەیشی دا، دەبێت ئەندامانی پەرلەمان نوێنەرایەتیی خەڵکی عێراق بکەن نەک هیی چەند پارێزگایەک، چونکە ناکرێت ئەوان بەرگری لە چەند پارێزگایەک بکەن و حەقیان لەسەر هەرێمی کوردستان نەبێت.
لە بەرانبەر تێپەڕاندنی بودجە بەبێ ئەندامانی کورد موئەیەد تەیب ئەوەی خستەڕوو بەڵێ ئەگەری ئەوە هەیە بەبێ کورد بودجە تێپەڕێنرێت، چونکە ڕۆژی یەکشەممە 5/5/2014 نیسابی یاسایی تەواو دەبێت و بەبێ کورد تێدەپەڕێنرێت لە کاتێکدا ئەگەر بەم شێوە بودجە تێپەڕێنرێت ئەوا حکوومەتی عێراق دەتوانێت یەک دینار لە بودجەی 2014 بۆ هەرێمی کوردستان نەنێرێت و وەک سزایەک کە بیەوێت بەسەر هەرێمی کوردستاندا بیسەپێنێت.
بەکر و کارزان هەورامی




