سەرۆك بارزانی: عێراق لەبەریەك هەڵدەوەشێ و سووریایش وەك جارانی لێ نایەتەوە

ئەلحەیات ـKDP.info/ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانی، رایگەیاند، شێوازی حوكمڕانیی شمولیی بەغدا بەرپرسە لەو دۆخەی عێراق پێیدا تێپەڕ دەبێ و "بە داخەوە عێراق لەبەریەك هەڵدەوەشێ"، ئاماژە بە پرۆسەی سیاسییش گوتی "زۆری نەماوە شكست ببات" ددانیشی نا بەوەی "پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكانیش خەریكە لەبار دەچێت."
سەرۆك بارزانی لە گوتوێژێكدا لەگەڵ ڕۆژنامەی"حەیات"ـی لەندەنی كە لە سەڵاحەدیین لەگەڵیدا ساز دراوە، لەبارەی هەبوونی مەترسییەكی گەورە كە هەڕەشەیە بەسەر عێراقەوە، ڕایگەیاند، "بە دڵنیاییەوە، عێراق لەبەریەك هەڵدەوەشێ، هیوامان وا بوو شێوازێكی پێچەوانەی هەبووایە، بەڵام دەبێ لەگەڵ واقیع و ڕاستییەكان مامەڵە بكەین، سەقامگیری لەبار چووە. تیرۆر باڵی بەسەر ناوچەكانی ڕۆژئاوای وڵاتدا كێشاوە. شار هەیە لە دەرەوەی دەستەڵات و فەرمانڕانیی حكوومەتەوەیە، تیرۆریستان بە ئاشكرا چالاكییەكانیان برەو پێ دەدەن."
سەرۆك بارزانی زیاتر گوتی، "بڕوا بە دیموكراتییەت و یەكدی قبووڵكردن نییە، هێشتا لۆژیكی حوكمی شمولی لۆژیكێكی بەرجەستەیە. ئەو لۆژیكە هۆكاری بەرجەستەنەكردنی دەستوورە و، عێراق بەرەو هەڵوەشانەوە دەبات، ئەو ڕۆحیەتە وەهای كردووە ڕێككەوتنەكان جێبەجێ نەكرێن و پێكهاتەكانی لێكدی دوور خستووەتەوە."
سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەربارەی پێوەندیی سوننە - شیعە گوتی "بەداخەوە ئەو ململانێیە كێشەیەكی كۆنە و هاوكات نوێیشە، ململانێ هەیە، بەڵام پێویستە بە سیاسەتێكی ژیرانە كۆنترۆڵ بكرێ نەك پەرەی پێبدرێ." بارزانی گوتیشی "ماوەیەكی كەمە شارەدێی بوهرز لە پارێزگای دیالە و شاری باقووبە پاكتاوی مەزهەبیی شیعەیان بەخۆیانەوە بینی. پاكتاوكردنێك بە تەوای مانا. گوشتار كەوتەوە و ئەنجامدەرانیش لە هەردوو لاوە بوون."
سەرۆك بارزانی هاوكات لەبارەی سووریایشەوە رایگەیاند كە ئەو وڵاتە ههڵوهشانهوه تێیدا قووڵ بووەتەوە و چی دی ناگەرێتەوە دۆخی بەر لە سەرهەڵدانی جەنگی سووریا. باوەڕیشی وایە كە گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشوو ئەستەمە.
سەرۆك بارزانی جەختی كردەوە "ئەگەر ئەو وڵاتانەی چەند پێكهاتەیەك لەخۆ دەگرن بنەماكانی دیموكراسی و پێكەوەژیان و هاوبەشی پەیڕەو نەكەن، دەكرێ هەموو ئەو وڵاتانەی كە لە دوای جەنگی یەكەمی جیهانی دروست بوون دووچاری دابەشبوون ببن".
هاوكات ڕەتیشی كردەوە كە هیچ هاوكارییەكیان بە كوردانی سووریا دابێت و دەڵێت، لە سەرەتاوە ئامامۆژگاریی كردوون لە شەڕەوە نەگلێن.
جەختیشی كردەوە كە "حكوومەتی هەرێم چاوەڕێی نێوانگیریی ئەمەریكایە بۆ چارەكردنی ئەو بڕیارەی سەرۆكوەزیران، نووری مالیكی بۆ ڕاگرتنی بودجەی هەرێم داویەتی." گوتیشی لە ئەگەری شكستبردنی نێوانگیرییەكە، هەرێم پشت بە سەرچاوەكانی خۆی دەبەستێ و "هەموو شتێكیش دەگۆڕێ"، دووپاتیشی كردەوە كە بڕینی قووتی هاووڵاتیانی هەرێم ڕەنگە لە بۆردومانی هەڵەبجە بە چەكی كیمیایی ترسناكتر بێت."
سەرۆك بارزانی، هاوكات دەربارەی هەڵبژاردنەكانی داهاتوو و ئەگەری گۆڕانكاری لە دۆخی عێراق ڕایگەیاند "بە یهوام هەلبژاردن ساز بدرێ. لاِونگە گۆڕانكاری وەبەربێنێ، ئێمەیش لەگەڵ ئەوەین لە كاتی خۆیدا ساز بدرێت. گۆڕانكاری دێتە ئاراوە ئەگەر لایەنەكان لەسەر بەرنامەیەك كۆك بن." گوتیشی "بابەتەكە كەسی نییە، ئەگەر كەسێكی دیكە و بە هەمان بەنامە و لۆژیكی مالیكییش بێت، تەنیا بە ڕەتكردنەوەی ناوەستین و ڕەنگە هەموو شتێك بگۆڕێت."




