دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی یادی 55ساڵەی دەرچوونی رۆژنامەی خەبات پیرۆز دەکات

بەرێز سەرنووسەر و دەستەی نووسەران و کارمەندانی رۆژنامەی خەبات
بەناوی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتیمانەوە گەرمترین پیرۆزبایتان لێدەکەیەن، بە بۆنەی پەنجاو پێنج ساڵەی دەرچوونی رۆژنامەی خەبات. پێویستە لەم بۆنەیەدا ئاماژە بەوە بکەین کە رۆژنامەی خەبات بەدرێژایی ئەو مێژووە پڕ شانازییەی هەیەتی، بە چەندین قۆناغی سەخت و دژواردا تێپەڕیووە. چ لەو سەردەمانەی بە ئاشکرا لە 4نیسانی 1959ەوە یەکەم ژمارەی دەرچووە، چ لەسەردەمی نهێنی و پێشمەرگایەتیدا کە لە شاخ وەکو پارێزەری ماف و داوارەواکانی کوردستان و بزاڤی رزگاریخوازی کوردستان شوێن و پێگەیەکی دیاری هەبووە و هەردەم جێگەی رێزیشی لە نێو بزاڤی رۆژنامەگەری کوردستان هەیە. ئەمڕۆش خەبات لە هەموو بوارە سیاسی و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەکاندا لە پێناو قوڵکردنەوەی گیانی پێکەوەژیان و پێشخستنی باری رۆشنبیری و داکۆکی لە مافەکانی کورد بەرانبەر دوژمن و ناحەزەکانمان دەنگێکی زولال و کاریگەرە.
رۆژنامەی ئازیزی خەبات، وەکو قوتابخانەیەکی گەورە بۆ پێگەیاندنی ژمارەیەکی زۆری کادر و نووسەر و رۆژنامەنووس سەیر دەکرێت و لە بواری بڵاوکردنەوەشدا رەچاوی راستگۆیی و پیشەیی بوونی کردووە، ئەم رێچکەیەش بۆتە شانازییەک بۆ خەبات لە پێناو ئاوەدانی کوردستان و بیانکردنی کەسایەتی تاکی کورد و پێشکەوتنی کوردستان لە هەموو ئاستەکاندا. لە بیری نەکەین بەدرێژایی ئەو مێژووە، رۆژنامەی خەبات مینبەری یەکسان و کارای هەموو پێکهاتە جیاکانی کوردستانیش بووە.
بەم بۆنە پیرۆزەوە، جارێکی دیکەش پیرۆزبایتان لێدەکەین و هیوای هەمیشە پێشکەوتن و گەشەکردنتان بۆ دەخوازین و لە بیرتان نەچێت ئەرکی خەبات لە هەلومەرجی سیاسی و رۆشنبیری ئێستای کوردستاندا هەمەلایەنە و فرە بووە، بۆیە دەبێت هەر ئەو مۆمە گەش و ناوەندە ئومێد بەخشەبن، بۆ پەرەپێدانی زمان و رۆشنبیری کوردی کە لە پەنجاوپێنج ساڵی رابردوودا هەتان بووە. سەرکەتوو بن و بژین بۆ خزمەتی نەتەوە و زمان و رۆشنبیری کوردستان.
دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی
پارتی دیموکراتی کوردستان
4-4-2014

_(2)__2024_05_14_h16m6s41__ER.jpg)

__2024_01_03_h15m1s20__ER.jpg)
