کادیرانی پارتی لە سۆران جەخت لە بانگەشەیەكی هێمن و سەردەمیانە دەكەنەوە

سۆران- KDP.info/ئەندام و کادیرانی پارتی لە سنووری لقی 10 دەڵێن، لەو سنوورە تەواوی گرووپ و کادیرانمان ئاگادار کردوونەتەوە، ئەو شێوە مەدەنی و دیموکراسیانەیە بگرنە بەر بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن كە بڕوامان پێی هەیە. هاوكات دەخوازن دەڤەرەكەیان لە نوێنەرایەتیكردندا بۆ هەردوو ئەنجوومەنەكە پشکی شێری بەربکەوێ.
لە سەروبەندی هەڵبژاردنی هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، کادیرو ئەندامانی لقی10ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ وەدی هاتنی زیاتری خزمەتگوزاری و زیاتر نوێنەری ئەو ناوچەیە لە هەردوو ئەنجومەندا بە شێوازێکی نوێ و گەرمتر لەو هەڵبژاردنەدا خۆیان ئامادەکردووەو بەشێوازی مەدەنیانەو دوور لە توندی و زێدەڕۆیش بانگەشە بۆ کاندیەدەکانیان دەکەن. سەرەتا بەرپرسی مەکتەبی راگەیاندنی لقی10 بەرێز ئازاد عەبدوڵڵا بۆ KDP.infoگوتی: "بۆ ئیسپاتکردن و بەرچاو روونترکردنی لایەنگر و ئەندامانی پارتیمان لەو سنوورە تەواوی گرووپ و کادیرانمان ئاگادار کردوونەتەوە، ئەو شێوە مەدەنی و دیموکراسیانەیە بگرنە بەر بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن كە بڕوامان پێی هەیە و هۆشداریمان داوە لەوەی بەبێ هیچ توندوتیژی و زێدەڕۆییەك بۆ سەر شوێنە گشتییەکان و سەرپێچیکردنێك پرۆسەكە بەڕێوە ببرێت؛ هەروەها بە هەبوونی هەر سەرپێچییەکیش لەلایەن لایەنەکانی ترەوە ئەوا ئێمە بە نووسراو لایەنەکە ئاگادار دەکەینەوە و پێداگری لە برایەتی و یەکریزی کورد دەكەینەوە.
هاوكات گوتی "خاکی خۆمان خۆش دەوێ، بۆ سەرکەوتنی میللەتی کوردیش هەموو رێگایەکی مەدەنی دەگرینە بەر لەو بانگەشەیەدا".
ئەندامی مەکتەبی راگەیاندنی لقی10، حەیدەر عەلی، بۆ KDP.infoگوتی: "لە یادمان ناچێ ئەو رۆژانەی 23 ساڵ لەمەوبەر میللەتی کورد چیی بەسەرهات و تووشی چ نەهامەتییەک بووەتەوە، بۆ بەدیهاتن و بەفیڕۆنەچوونی خوێنی شەهیدان و درێژەدان بە خەباتی نەپساوەی بارزانیی نەمر بە شەو و رۆژ درێخیی ناکەین لە بانگەشەی هەڵبژاردن و هەوڵ دەدەین بە یەکریزی لەگەڵ لایەنەکانی تر هەوڵ دەدەین قورسایی نوێنەری کورد لە ئەنجوومەنی بەغدا زیاتر بکەین و زیاتر تێبکۆشین".
هەروەها قوباد زکری کارگێر و بەرپرسی مەکتەبی کۆمەڵایەتی لە لقی10 لە لێدوانێکدا بۆKDP.infoگوتی: "خەباتی نەپساوەی رێبازی بارزانیی نەمر وای فێرکردووین هەست بە ماندووبون نەکەین؛ قەزای سۆران لە رووی فەرهەنگی و رۆشنبیرییەوە دەوری کاریگەری هەیە و لە هەموو هەڵبژاردنەکانیش سەنگی مەحەک بووە."
عەبدولرەحمان گوانیی کارگێر و بەرپرسی مەکتەبی دارای لقی10ـیش گوتی: "ئەو خەونە بۆ دەڤەری سۆران لە هزری هەموو تاکەکانی ئەو ناوچەدایە و هیواخوازین دەڤەرەکەمان پشکی شێری بەربکەوێ لە نوێنەرایەتیكردندا، جا چ لە ئەنجوومەنی بەغدا بێت، یا ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر؛ شانازییە بۆ ئەو دەڤەرە هەموو کات سندووق و دەنگدەرانی ئەو دەڤەرە یەکلاکەرەوەیە لەسەر ئەنجامی گشتیی هەرێمی کوردستان بۆ لیستی پارتیمان، ئێستا بە گڕوتینێکی زۆرەوە شەو و رۆژ بەبێ وەستان پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی مەدەنیانە و دوور لە سەرپێچی و توندوتیژی بە ڕێ بکەین".
ئیسماعیل گوندەژۆری




