بەرپرسی لقی 22: بۆ خزمەتگوزاریی باشتر و گوازتنەوەی بۆ تەواوی ناوچەكان، دەنگ بە پارتی بدەن

گەرمیان/KDP.infoبەرپرسی لقی 22ـی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، جەخت دەكاتەوە كە ئەوان وەك پارتی بڕیاریان داوە بانگەشەیەكی هێمنانە بەڕێوە ببەن و، داوایش دەكات بۆ ئەوەی ئەو خزمەتگوزارییەی كە پارتی دیموکراتی کوردستان لەو ناوچانەی بە دەستییەوە بووە جێی ڕەزامەندیی دانیشتووانەكەی بووە، بیگوازێتەوە بۆ شوێنەکانی دیکەیش، دەنگ بە پارتی بدەن.
بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەکرەم ساڵح، لە لێدوانێکدا بۆKDP.info گوتی: "ئێمە وەک پارتی لە دەڤەری گەرمیان هەوڵمان داوە کولتوورێکی نوێ و سەردەمیانە لە بانگەشەی هەڵبژاردن پەیڕەو بکەین کە دوور بێت لە ناوزڕاندن و بێزارکردنی خەڵک، بۆ ئەم هەڵبژاردنەش بەهەمان شێوە کار دەکەین بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی زۆر هێمن و سەردەمیانە بانگەشە بۆ لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بکەین، دڵنیایشین خەڵک بانگەشەی سەردەمیانەی دەوێت، بۆیە ئێمە لەم ڕوانگەوە بە پێچەوانەی بەشێکی زۆری لیستەکان لە گەرمیان لە کات و ساتی خۆی دەستیمان کرد بە بانگەشەی هەڵبژاردن لە کاتێکدا بەشێکی زۆری لایەنەکان لە 4 سەعات بەر لەو وادەیەی بە فەرمی كۆمسیۆن ڕایگەیاندبوو، بانگەشەیان دەست پێکرد کە ئەوەش سەرپێچییەکی ڕێکكەوتنی لایەنە سیاسییەکان و کۆمسیۆنیشە".
لەبارەی پێشوازی خەڵک لە کاندیدەکانی ساڵ باوەڕی وایە، پارتی لەگەڵ ئەوەی بەنەرمی بانگەشە دەست پێدەکات لەهەمان کاتدا لە کۆتاییدا ئاهەنگی سەرکەوتن دەگێرَێت بەهۆی ئەو پشتیوانییە فراوانەی لەلایەن خەڵکەوە لێی دەکرێت، گوتیشی: "داوا لە خەڵک دەکەین دەنگ بدەن بە پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەوەی خزمەتگوزاریی ئەو شوێنانەی بە دەستییەوە بووە بیگوازێتەوە بۆ شوێنەکانی دیکەیش، چونکە ماوەیەکی زۆرە پارتی لە سنووری سلێمانی ئیدارەی بە دەستەوە نەبووە".
بەکر و کارزان هەورامی




