گوتەبێژی پارتی، تۆمەتەكانی گۆڤاری شار بە درۆ دەخاتەوە

هەولێر-KDP.info/ گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ویَڕای بە درۆخستنەوەی ئەو تۆمەتبەخشینەوەیەی گۆڤاری شار لە دواژمارەیدا دژبە پارتی بڵاوی كردوونەتەوە، ڕایدەگەیەنێت، "ناحەزان دڵنیا دەکەینەوە چەند هەول بۆ بەدیهێنانی خەونەکانیان دژی پارتیمان بدەن، ئێمەش لەوە زیاتر تێدەکۆشین، گۆڤاری شار و هاوشێوەکانی هەر بەو خەونە زڕاوانەوە لە خەوی پڕ لە نیگەرانی دابن."
دەقی ڕوونكردنەوەكە:
روونکردنەوەیەک لە گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە
سەبارەت بەو تۆمەت و چەواشەکارییەی لە گۆڤاری شار دژی پارتیمان و لیستی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بڵاو کراوەتەوە، رایدەگەیەنین ئەو بابەتەی وروژاندوویانە هیچ بنەمایەکی راستی نییە و هەر تەنیا بۆ داژیەتیی پارتیمان و بڵاوکردنەوەی ژاوە ژاوە. بۆیە بە هەموو لایەکی رادەگەیەنین پێکهاتەی لیستی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بۆ بەهێزکردنی لیستەکەمان بووە، بەرژەوەندیی پارتی و پرۆسەی دەنگدان وای خواست بڕیاری یەکلاییکردنەوە و دیارکردنی پۆست و پێگەی هەڤالانی ناو لیستی ئەنجوومەنی پارێزگا ژمارە (76) بدەین و، هەڤال نەوزاد هادی بۆ پۆستی پارێزگاری ئایندە و هەڤال پشتیوان سادقیش لە کابینەی هەشتدا بۆ پۆستی وزاری دیاریی بکرێن.
بۆیە داوا لە جەماوەری دڵسۆز و بە ئەمەکی پارتیمان دەکەین بە رۆحیەتی دوابڕیارمان بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان، تاکو حزب و کاندێدەکانیان سەرکەوتوو بن و خەونی ناحەزان لە گۆڕ بنێین، هەروەها ناحەزانیش دڵنیا دەکەینەوە چەند هەول بۆ بەدیهێنانی خەونەکانیان دژی پارتیمان بدەن، ئێمەش لەوە زیاتر تێدەکۆشین، گۆڤاری شار و هاوشێوەکانی هەر بەو خەونە زڕاوانەوە لە خەوی پڕ لە نیگەرانی دابن.




