٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەکارھێنانی کەژاوەی ئۆتۆمبێل لەبانگەشەی ھەڵبژاردن قەدەخە دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر- تایبەت بەKDP.INFO/ بەرێوبەری راگەیاندنی پارێزگای ھەولێر دەڵێت، ھەموو لایەنەکان رێککەوتوون بۆ ئەوەی لە بانگەشەی ھەڵبژاردنەکان کەژاوەی ئۆتۆمبێل بە کار نەھێندرێت و قەدەخە دەکرێت.

بەرێوبەری راگەیاندنی پارێزگای ھەولێر، ھەمزە حامد، بەKDP.INFOـی راگەیاند: ئەمڕۆ لە دیوانی پارێزگای ھەولێر نوێنەری ھەموو قەوارە سیاسییەکانی بەشدار لە ھەردوو ھەلبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان، کۆ بوونەوە و تێیدا چەند پرسێک تاوتوو کران، لەوانە جێبەجێکردنی رێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەلبژاردنەکان، بۆئەوەی ھیچ گرفتێک لە پایتەختی ھەرێمی کوردستان روو نەدات.

ھەمزە حامد گوتیشی: ھەر لە کۆبوونەوەکەدا ھەموو لایەنەکان جەختیان کردەوە، بانگەشەی ھەڵبژاردن بە شێوەیەک بەرێوە بچێت کە ھیچ کێشەیەک روو نەدات و پابەند بن بە رێنماییەکانەوە، بۆ ئەم مەبەستەش ھەفتانە کۆبوونەوەیەکی لەم جۆرە بکرێت، بۆئەوەی ھەموو پرسەکان تاوتوو بکەن.

 بەڕێوبەری راگەیاندنی پارێزگای ھەولێر راشیگەیاند: ھەموو لایەنەکان کۆک بوون بۆ ئەوەی لە ھەڵمەتی ھەڵبژاردندا کەژاوەی ئۆتۆمبێل بە کار نەھێندرێت، چونکە گرفت بۆ خەڵک دروست دەبێت و زەرەری زیاترە لە قازانج، بۆ ئەم مەبەستەش نووسراوێک ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ دەکرێت، بۆئەوەی ئەم کارە قەدەخە بکرێت.

حامد رونیشی کردەوە، ژوورێکی عەمەلیات دروست کراوە و ھەموو لایەنەکان تا کۆتایی ھەڵبژاردن نوێنەریان لەو لیژنەیەدا دەبێت کە بڕیاربەدەست بن، بۆئەوەی ھەر کێشەیەک روو بدات بتوانن چارەسەری بکەن.

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار