روفاتی پێنج پێشمەرگە لە سنووری پارێزگای سلێمانی دۆزرانەوە

سلێمانی- KDP.info/ وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گۆڕێكی لێدایەوە كە هیی ڕوفاتی پێنج پێشمەرگەی شەهیدكراوی سەردەمی بەعس بووە و بۆ بەخاكسپاردنیان ڕەوانەی زێدی خۆیان كرانەوە.
پاش ئەوەی لە گوندی شێخ مەنسوری ناحیەی خەلەكان روفاتی پێنج پێشمەرگە كە لە لایەن رژێمی لەناوچووی بەعسەوە شەهید كرابوون، دۆزانەوە و لە لایەن وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە روفاتەكانیان دەرهێنرا و رەوانەی پزیشكی دادوەری سلێمانی كران بە مەبەستی ئەنجامدانی شێكاری پزیشكی بۆ ناسینەوەیان، ئەمرۆ لە مەراسیمێكی شایستەدا لە بەردەم پزیشكی دادوەری شاری سلێمانی روفاتی ئەو پێنج پێشمەرگەیە بەرەو زێدی خۆیان بەرێ كران.
لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی kdpبەرێوەبەری گشتیی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان، بەهادین محەممەد، گوتی: ئەم پێشمەرگانە لە ساڵی 1963 شەهید كراون و خەڵكی كانیتووی لای بنگردن و پاش رووبەڕووربوونەوەیان لەگەل سوپای بەعس، شەهید بوونە و دواتر تەرمەكانیان پێكەوە شاردراونەتەوە. ئێمەش بە هاوكاریی كەسوكاریان توانیومانە كە شوێنەكەیان بدۆزینەوە و پاشان رەوانەی پزیشكی دادەوریمان كردون بۆ ناسینەوەی روفاتەكان بۆ ئەوەی هەر بنەماڵەیەك بە دروستی شەهیدەكەی خویان بدۆزنەوە، بەلام كەسوكاریان وێڕای دڵنیابوونیان لە روفاتی شەهیدەكان، بەلام نەتوانراوە بە تەواوەتی بناسرێنەوە.
ئارمان مەلازادە




