گوتەبێژی پارتی لە کەرکووک – گەرمیان، دەنگۆی ڤیتۆی پارتی لە ژووری عەمەلیاتی کەرکووک ڕەت دەکاتەوە

کەرکووک- KDP.info/ گوتەبێژی پارتی لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک گەرمیان، ڕوونکردنەوە لەسەر هەواڵێکی دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەدات کە تێیدا پارتی بەوە تۆمەتبار کراوە، ڤیتۆی لەسەر لیژنەی عەمەلیاتی کەركووک داناوە کە لەلایەن پارێزگاری ئەو شارەوە دیاری کراوە و دەڵێت، ئەوان لە كۆی لیژنەكانی پارێزگاكە نوێنەریان هەیە.
بەشێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاند هەواڵێکیان بڵاو کردووەتەوە کە گوایە پارتی ڤیتۆی لەسەر ژوری عەمەلیاتی کەرکووک داناوە، لە لێدوانێکدا بۆ KDP.info گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک گەرمیان، لەبارەی ئەو هەواڵەی گوایە پارتی ڤیتۆی دژی د.نەجمەدین کەریم بە کار هێناوە لە پێکهێنانی ژووری عەمەلیاتدا، دەڵێت: "ئەو ژووری عەمەلیاتەی کە بڕیارە لە کەرکووک دروست بکرێت، نوێنەری هەموو لایەنەکانی تێدایە، لە کاتێکدا لەلایەن دیوانی پارێزگای کەرکووکەوە نووسراوێک ئاراستەی هەموو لایەنەکان کرا، بەڵام نووسراوەکە کەموکورتی تێدا هەبوو، نە بەرواری لەسەر بوو نە ژمارە و کات و شوێنی کۆبوونەوەکەیش دیار بوو، بەڵام ئێمە وەکو نوێنەری پارتی کەسێکمان دیاری کرد، نەشمانزانی کات و شوێنی کۆبوونەوەکە چ ڕۆژژ و كاتێكە، لەبەر ئەوە ئەو کەموکورتییە هەبوو."
بەڵام ئەو جەخت دەكاتەوە "ئێمە بەشدارین لە لیژنە ئەمنییەکە کە ئاسایش و پۆلیسی تێدایە و لە هەموو لیژنەکان لە کەرکووک بوونمان هەیە، بۆ ئەوەی بانگەشەی هەڵبژاردن بە ئارامی بەڕێوە بچێت".
ئەوەشی خستەڕوو لەلایەن خۆیانەوە ڕێنماییان داوە و ئاگاداریی لقەکانیان کردووتەوە کە پابەند بن بە ڕێنماییەکانی کۆمسیۆن بۆ ئەوەی بە هێمنانە پرۆسەکە بەڕێوە بچێت.
گوتیشی: "بەستنەوەی ئەم بابەتە بە پارێزگاری کەرکووکەوە، شتێکی زۆر نابەجێیە، چونکە هیچ بنەمایەکی ڕاستی نییە و ئەمە نوێنەری لایەنەکانە بەه اوکاری لەگەڵ ئیدارەی کەرکووکدا ئەنجام دراوە، چونکە ژووری عەمەلیات شارەوانییشی تێدا بەشدارە بۆ ئەوەی ڕێکلام لەو شوێنانە هەڵنەواسرێت کە کۆمسیۆن ڕێگەی پێنەداوە".
بەکر و کارزان هەورامی




