چنار سەعد عبدوڵڵا:پارتی بۆ ئەم هەڵبژاردنەیش براوەی یەکەم دەبێت

هەولێر- KDP.info/ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەڵێت شارستانیبوونی بانگەشەی هەڵبژاردن لە ئامانج و بەرنامەی پارتییە؛ باوەڕیشی وایە كە هەروەك چۆن پارتی لە هەڵبژاردنی پێشوو براوە بووە، یەکەمی هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەیش دەبێت.
ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، چنار سەعد عبدوڵڵا، لە لێدوانێکدا بۆ KDP.infoگوتی: "پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵ دەدات بە شێوەیەکی دروست مامەڵە لەگەڵ پرۆسەی هەڵبژاردندا بکات، بۆ ئەوەی ڕەوشی دەروونیی تاکی کۆمەڵگا تووشی شڵەژان نەبێت، ئەوەی بە لای پارتییەوە گرینگە ئارامی و ئاسایشی هەڵبژاردنە و بۆ ئەوەی ئارامیی شارەکانی کوردستان تێک نەچێت و کۆتاییهاتنی پرۆسەکە بەم شێوەیە بۆ پارتی گرینگە، ئەم هەنگاوانەش بە ڕەچاوگرتنی کۆمەڵێک خاڵ و پابەندبوون بە ڕێنمایەکانی کۆمسیۆن دێتە دی، هەروەک چۆن لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو بە ئارامی بانگەشەی بۆ هەڵبژاردن کرد، لەکاتێکدا بە گەرموگوڕی کۆتایی بە بانگەشەی هەڵبژادنی هێنا".
گوتیشی: "ئێمە لایەنی یەکەمی براوەی هەڵبژاردنی پێشوی کوردستانین، لەم هەڵبژاردنەش لایەنی براوەی یەکەمی کوردستانین؛ لایەنەکانی دیکەش ناتوانن چاوپۆشی لەو ڕاستییە بکەن، بۆیە ئێمە بەردەوام سەرکەوتوو دەبین و لە ڕیزبەندنی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پلەی یەکەمین".
چنار سەعد هەروەها دەڵێت داوای پارتی لە هاووڵاتیان بەشداریکردنی خەڵکە لە هەڵبژاردن، چونکە لەلایەک دیاریکردنی ڕێژەی کوردە لە بەغدا، لەلایەکی دیکەوە خودی پرۆسەکە گرنگە، گوتیشی: "یەکێکی دیکە لە داواکان خۆدوورگرتنی هێزە سیاسییەکانی کوردستانە لە ململانێی حزبی و هەوڵ بدەن کار لەسەر جومگەکانی بابەتی نەتەوەیی و نیشتیمانی بکرێتەوە، نەک زەقکردنەوەی کۆمەڵێک بابەت کە پەیوەندی بە دۆخی ئێستای کوردستانەوە هەیە کە لایەنێک یان چەند کەسێک دەیانەوێت بارودۆخی کوردستان بەرەو ئاراستەیەکی دیکە بەرن، بەتایبەتی بڕینی قوتی خەڵک و ئەم هۆکارانە بکرێنە ئامانج بۆ ساردکردنەوەی دڵی خەڵکی بۆ دەنگدان".
بەکر و کارزان هەورامی




