٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گڕوتینی چین و توێژەكانی سۆران ئەمساڵ زیاتر دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

سۆران-KDP.info/لەگەڵ یەكەم رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردن و دیاریكردنی نوێنەری كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا چین و توێژەكانی دەڤەری سۆران بە جۆشتر كارتی دەنگدان وەردەگرنەوە و ئامادەكاریی زیاتر دەكەن بۆ رۆژی هەڵبژاردن. ئەوان باوەڕیان وایە كە قوڕسایی و سەنگی نوینەری كورد لە بەغدا بە واتای جەنگی سیاسییە بۆ دوارۆژی نەتەوەی كورد، لەپێناو بەدەستهێنانی زیاتری مافە رەواكانی كورد لە عێراقی فیدراڵ.

 خاتوو (ناجیە سەلیم) تەمەن 42 ساڵ دانیشتووی قەزای سۆران گوتی: "پشتگوێ نەخستنی دەنگم مانای ئەوەیە خوێنی لاوەكانمان بەفیڕۆ نەچوو، بە پەلەم بۆ ئەو رۆژەی هەڵبژاردن و دیاریكردنی نوێنەرمان لە بەغدا، هیواخوازم هەموو دایكێك و ئافرەتێكی ولاتەكەمان وا بیر بكاتەوە دەنگدانمان بە واتای بەفیڕۆنەچوونی خوینی گەنجەكانمانە."

 (حاجی كانەبی ئەحمەد) تەمەن 75 ساڵ دەڵێت: "سەیرم بەوە دێت كە بەشێك لە گەنجان دەبینم رق و كینەیان لەو رۆژەدا بە دیار دەخەن، با ڕق و كینەیان بۆ خۆیان هەبێ گرنگ نییە، بەڵام بۆ باڵانسی قەبارەی كورد لە بەغدا هەرگیزاو هەرگیز نابێ بچێتە خەیاڵی هیچ كوردێك، چونكە هەمیشە كێشەی ئێمە لەگەڵ بەغدادا هەبووە و ئەگەر تا ئێستا بە جەنگ بووبێ، بەڵام ئەمجارەیان سیاسەت و لێكتێگەیشتن و گفتوگۆیە، كەمتەرخەمی تاكی كورد دەبێتە زیان گەیاندن بە ئاییندەی كوردستان".

 گەنجێكی خوێن گەرمی دانیشتووی سۆران (كامەران ڕەسووڵ) تەمەن 20 ساڵ گوتی: "خوێندنەوەو چاودێری چینی رۆشنبیر لەم وڵاتە دەبێ لەوە تێگەیشتبێ كاری خراپ چییە و كاری باش چییە، هەر گەنجێك لەم وڵاتە بەشی خۆی تێدەگات بە پشتگوێخستن و كەمتەرخەمی زیانی گەورە بەر گەنجانی ئەو وڵاتە دەكەوێ، پێویستە هانی خێزان و كەسوكارمان بدەین كارتی دەنگدان بە دەست بێنین و بەو كارتە جەنگی بەغدا بكەین".

 لە سەنتەری شاری سۆران (حەمەدەمین بابەكر) كە گوشتفرۆشە بەم شێوەیە دوا: "هەرگیز هیوام نەخواستوە وڵاتمان بەرەو دواوە بگەڕێتەوە، بەرگری و سەركەوتنمان ئەمڕۆ بە سندووقی دەنگدانە لەگەڵ بەغدا، قۆناغی خەبات گۆڕانگاری بەسەردا هاتووە و هەموومان ئەو راستییە دەزانین، هاوبەشمان لە پێكهاتەی عێراقی فیدراڵ بەهەموو شێوەیەك هەوڵ دەدەن لە ئێمە زیاتر بن و زیاتریان بەر بكەوێ، بۆیە پێویستە هەموومان بەیەك هەڵوێستی نەتەوایەتی بەرەو سندووقی دەنگدان بچین و پشتگوێی نەخەین."

 مامۆستا (محەممەد مەلا ئیبراهیم) پێشنوێژەو وتارخوێنی مزگەوتی ئازادی گوتی: "ئەركی نەتەوایەتی و ئایینییە وڵاتمان و كەسوكارمان بپارێزین، پاراستنی دەستكەوتەكانی ئەمڕۆی میللەتەكەمانیش بە دەنگدان یەكلا دەبێتەوە، چوونە سەر سندووقی دەنگدان و دیاریكردنی براكانمان بۆ نوێنەرانی بەغدا، زۆر پیرۆزە و پادداشتی مەزنیش لەلای خودای گەورە وەدەست دەهێنین."

 ئیسماعیل گوندەژۆری

هەواڵی پەیوەندیدار