پەیامی پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پارتی ئاشتی و دیموكراتی(بەدەپەBDP-) بە بۆنەی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی شارەكانی توركیا

بەبۆنەی بەئەنجام گەیاندنی پرۆسەی هەڵبژاردنی شارەوانییەكان و دەرچوونی پارتەكەتان (پارتی ئاشتی ودیموكراتی-بەدەپە) بە رێژەیەكی بەرچاو پیرۆزباییەكی گەرمتان لێ دەكەین.
سەركەوتنی ئێوە لەو هەڵبژاردنەدا و بە بەشداریی زیاتری جەماوەری دڵسۆز، دەستكەوتێكی گرنگە بۆ هەمووان و بەرەوپێشچوونی ئەزموونی سیاسی و بەشداریكردن لە پرۆسەی سەرۆكایەتیكردنی شارەوانییەكانی ئەو شار و ناوچانەش زیاتر خزمەتگەیاندنە بە هاووڵاتیان و دۆزە رەواكەتان.
هیوادارین ئەو هەنگاوە نوێیە، كە بێگومان بەرهەمی خەبات و تێكۆشانە، مژدەبەخشی ئاسۆیەكی نوێ بێت بۆ پرسی كورد و بنبڕكردنی قەیرانەكان و زیاتر برەو بدات بە تەبایی و برایەتی و راستەرێ بوونی پرۆسەی سیاسی و دیموكراسی و چارەسەركردنێكی هەمیشەیی كێشەی كورد لە وڵاتی توركیا و سەركەوتنتان لەم پرۆسەیە ئەو راستیەی ئاشكرا كرد كە، خەڵك لایەنگیری ئاشتییە.
ئێمە هەردەم و بەردەوام پشتگیری و هەماهەنگیی تەواوی پرۆسەی ئاشتەوایی و دانوستان دەكەین بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد و گەیشتنی بە مافە رەواكانی و كۆتاییهێنان بە كارەسات و ماڵوێرانی وتوندوتیژی و فەراهەمكردنی ئارامی وسەقامگیری بۆ هەموو لایەك.
جارێكی دیكە پیرۆزباییتان لێدەكەین وهیوادارین هەر سەركەوتوو بن..
پارتی دیموكراتی كوردستان
2/4/2014




