پەیامی پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەڕێز رەجەب تەییب ئەردۆغان و سەركردایەتیی (ئاكپارتیAKP-) بە بۆنەی دەرچوونی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا

بەبۆنەی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی شارەكانی توركیا لە 30/3/2014 ودەرچوونتان بەپلەی یەكەم لەو كێبڕكێیەدا، پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی بەڕێزتان و ئەندام ولایەنگرانی پارتی دادوگەشەپێدان(AKP) و گەلانی توركیا دەكەین، هیوادارین ئەو دەستكەوتە دیموكراسییە، دەستكەوتی زیاتری بەدوادا بێت و ببێتە زەوینەیەكی دیكەی دیموكراسی و كۆتاییهێنان بە كێشەكان و بەدیهێنانی ئاشتی و ئاشتەوایی و پەرەسەندنی زیاتر لە رووی ئابووری و سیاسی لەو وڵاتەدا و دەركەوت خەڵك دەنگ بە ئاشتی و دیموكراسی دەدات.
دیارە وێرای ئەو گیروگرفت و كێشە و ئاستەنگانەی بەر لە هەڵبژاردن پارتەكەتان توانی بە هۆی سیاسەتێكی راست و دروست یەكەمی هەڵبژاردنەكان بێت و جارێكی دیكە جڵەوی سەرۆكایەتیی زۆربەی شارەوانییەكانی شارەكان بگرێتە دەست.
بێگومان گرنگە لەو هەلومەرجە ئاڵۆز و پڕكێشمەكێشەی ناوچەكە و دەوروبەر پرۆسەیەكی دیموكراسی ئاوا لە وڵاتێكی هاوسێ بەسەركەوتوویی بەرێوە بچێت و خاڵێكی گرنگتر بێت بۆ ئارامیی و سەقامگیریی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە و فاكتەرێكی دیكەی ئەرێنی بێت بۆ پرۆسەی چارەسەركردنی كێشە و ململانێیەكان و لەوانەش كێشەی كورد لەو وڵاتەدا، بۆیە لەو رووەوە پێویستە زیاتر هەنگاوی جیددی و دڵسۆزانە بنرێت بۆ چارەسەركردنێكی ئەم كێشە درێژخایەنە چارەنووسسازە.
پێگە و رۆڵی وڵاتی توركیا لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهان روون و ئاشكرایە و رەوت و ئاراستەی سیاسەتەكەتان بەرەو زیاتر كرانەوە و توندوتۆڵكردنی پردی ئەو پەیوەندییانەیە بەتایبەتی لەگەڵ هەرێمی كوردستانی ئێراق، كە ئومێدەوارین ئەو پەیوەندیانە لە هەموو روویەكەوە بەهێزتر ببن و زیاتر پەرەبسێنن و بەرفراوانتر بكرێن بۆ سوود و بەرژەوەندیی هەردوولا، هەروەها زیاتر رەخساندن و پتەوكردنی بنەماكانی ئاڵووێری ئابووری و بازرگانی، شانبەشانی پرۆژەكانی وەبەرهێنان و گەشەپێدان وئاوەدانی و بووژاندنەوە.
هیواخوازینلەمەودوا بە هەماهەنگی هەموو لایەك كۆتایی بە گیروگرفت و نەهامەتی و كێشە و قەیرانەكان بێت و ئایندەی ئاشتی و سەقامگیریی بەتەواوەتی باڵ بەسەر ناوچەكەدا بكێشێت.
جارێكی دیكە پیرۆزباییمان قبووڵ بفەرموون و هەر سەركەوتوو بن..
مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
2/4/2014




