سەرۆكی یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان، وەڵامی داواكاریی 28 پەرلەمانتارەكە دەداتەوە

هەولێر- KDP.info/سەرۆكی یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان، لە وەڵامی داواكاریی 28 ئەندامی پەرلەمانی كوردستاندا پێوەست بە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیدا دەڵێت، هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی لە دانیشتنێكی نائاسایی كە بەڕێزتان بەپێی بڕگەی دووەم لە مادەی (6)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان داواتان كردووە بەڕێوە ناچێت.
بەپێی ئەو ڕاگەیاندنەی كە سەرۆكی یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان، محەممەد سدیق دەریكردووە و دانەیەكی بۆ (KDP.info) نێردراوە، هاتووە، "دوای هەڵسەنگاندنی داواكارییەكەتان ئەم روونكردنەوەیەی خوارەوە دەخەینە روو:
هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی لە دانیشتنێكی نائاسایی كە بەڕێزتان بەپێی بڕگەی دووەم لە مادەی (6)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان داواتان كردووە بەڕێوە ناچێت، چونكە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی لە دانیشتنێكی تایبەت ئەنجام دەدرێت نەك لە دانیشتنێكی نائاسایی. ئەو بڕگە و مادەیەی ئێوەش پشتتان پێی بەستووە تەنها بۆ گرێدانی دانیشتنی نائاساییە نەك دانیشتنی تەواوكاری.
تەنانەت بۆ داواكردنی كۆبوونەوەی نائاسایییش بەپێی بڕگەی دووەم لە مادەی (49) لە یاسای ژمارە (1)ـی ساڵی 1992ی هەمواركراوی پەرلەمانی كوردستان، یەك لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان واتە (37) پەرلەمانتار دەتوانن داوای كۆبوونەوەی نائاسایی بكەن.




