سەرۆکی لیستی زەرد لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی: کورسیی زیاتر بە دەست دەهێنین

هەولێر-KDP.info/ سەرۆکی لیستی زەرد لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێن لیستەکەیان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو کاری باشیان کردووە بۆ ئاوەدانکردنەوە و پێشکەوتنی سلێمانی و، لەسەر ئەو باوەڕەیشە كە کورسیی زیاتر بە دەست دەهێنن.
سەرۆکی لیستی زەرد لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، وشیار سدیق ئەفەندی، لە لێدوانێکدا بۆ KDP.infoگوتی: "لە سەرەتای هەڵبژاردنی 2005 تا ساڵی 2009 کە کۆتاییی پرۆسەی ماوەی کارکردنمان بوو لە سەرجەم لیژنەکان، بۆیە بە شێوەیەکی گشتی و بە سەرجەم فراکسیۆنەکانەوە بە یەک دەستە کارمان کردووە، بەڵام لە دوای دەستلەکارکێشانەوەی دانای ئەحمەد مەجیدی پارێزگاری پێشوی سلێمانی و دەستبەکاربوونی پارێزگاری تازەی سلێمانی، نووسراوێک ئاراستەمان کراوە،بەپێی ئەو نووسراوە و پشتبەستن بە ماددەی 159 ساڵی 1969 دەستەڵاتەکانمان وەرگیراوەتەوە، لە کاتێکدا ئێمە سەرجەم ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بەردەوام بووین لە خزمەتکردنی شاری سلێمانی ".
ئەوەشی خستەڕوو بەپێی یاسا بۆ ئەم خولەی هەڵبژاردن، 32 کورسیی ئەنجوومەنی نوێنەران دەبێت، لە کاتێکدا خولی ڕابردوو ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی 41 کورسی بووە، زیاتر گوتی: "ئێمە هەوڵ دەدەین لە ناو سەنتەری شاری سلێمانی 3 کورسی بە دەست بهێنین لە سەرجەم قەزا و ناحیەکانی شاری سلێمانیش 3 کورسی مسۆگەر بکەین، ئەو کاتە ڕێژەی کورسیی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بەهێزتر دەبێت، چونکە ئێستا پارتی لە کۆی 41 کورسی تەنیا 5 کورسی هەیە، بۆیە ئێستا بە 31 کورسییەوە پارتی 6 کورسی ببات ڕێژەکە بۆ پارتی زیاتر دەبێت."
كارزان هەورامی




