٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارتی رەتی دەكاتەوە پێكهێنانی حكوومەت بخرێتە دوای هەڵبژاردن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- KDP.info/گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رەتیدەكاتەوە پارتی بڕیاری دابێت پێكهێنانی حكوومەت بخرێتە دوای هەڵبژاردنەكانەوە‌ و، رایگەیاند ئەوان ئامادەن هەركاتێك لایەنەكان رێكبكەون پێكهێنانی حكوومەت رابگەیەنن. دەڵێت "گۆڕان وەڵامی دەستپێشخەریی ئێمەی داوەتەوە و بە تەواوەتی قبووڵی نەكردووە."

گوتەبێژی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، جەعفەر ئیمینكی، لە لێدوانێكدا بۆ "رووداو" ئەو هەواڵانەی رەت كردنەوە گوایە پارتی بڕیاری دابێت پێكهێنانی كابینەی هەشتەم بكەوێتە دوای هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانەوە ‌و راگەیاند "ئێمە ئەو دەنگۆیە رەت دەكەینەوە و ئەمڕۆش ئەگەر لایەنەكان كۆ بكەینەوە لەسەر بەرنامەی كابینەی هەشتەم و لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان و ئەو گرفتانەی لەسەر رێگای دابەشكردنی پۆستەكان هەر بەیانی رایدەگەیەنین". 

جەعفەر ئیمینكی، جەختی كردەوە كە پێكهێنانی حكوومەت هیچ پەیوەست نییە بە هەڵمەتی هەڵبژاردن و پرۆسەی هەڵبژاردن و ئەنجامی هەڵبژاردن، زیاتر گوتی "ئێمە پێمانخۆشبوو ئەو گرفتە پێش هەڵمەتی هەڵبژاردن چارەسەر بكرێت".

ئیمینكی سەبارەت بە دوازانیارییەكان لەسەر دانوستاندنی لایەنەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی "پەیوەندییەكان ئێستا بەردەوامە، راستە لە كاتی نەورۆزدا هەندێك پچڕابوو، بەڵام دوای نەورۆز جارێكی دیكە دەستیان پێ كردووەتەوە، ئێمەش وەك پارتی بڕیاری خۆمان لەبارەی پێكهێنانی حكوومەت دەدەین و پەلەی لێ دەكەین بەو ئاراستەیەی ئەو پرسە كۆتایی پێبهێنین".

 گوتەبێژی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، هەروەها ئاماژەی دا كە بزووتنەوەی گۆڕان دەسپێشخەرییەكەی پارتی رەت كردووەتەوە لەسەر هەندێك پۆستی ئەمنی، كە لە جیاتی وەزارەتی ناوخۆ بە گۆڕانیان دابوو و رایگەیاند "گۆڕان وەڵامی دەسپێشخەریی ئێمەی داوەتەوە و بە تەواوەتی پەسەندی نەكردووە، بەڵام دانوستاندن بەردەوامە لەسەر ئەو دەستپێشخەرییەی ئەم دواییەی ئێمە، كە ئەمە رەنگە بە شێوازێك لە شێوازەكان هەموار بكرێتەوە و ئەو پێشنیازە بڕواتە سەر، بەڵام من ئاگاداری وردەكاریی وەڵامی كۆتایی و دووبارە داڕشتنەوەی پێشنیازەكان نیم".

 جەعفەر ئیمینكی لەسەر وادەی كۆتایی بۆ دانوستاندنەكان گوتی "من نازانم تاوەكو كەی بەردەوام دەبێت، بەڵام وەك پارتی، ئێمە بڕیارمان وایە ئەو پرسە پەلەی لێ بكەین."

هەواڵی پەیوەندیدار