سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەرۆكوەزیرانی پێشووی لیبیا دەكات

سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانی، ئەمڕۆ سێشەممە پێشوازی لە سەرۆكوەزیرانی پێشووی لیبیا و سەرۆكی هاوپەیمانێتیی هێزە نیشتیمانییەكانی لیبیا، مەحموود جبریل، كرد.
لە دیدارێكدا كە ئەمڕۆ سێشەممە 1ـی 4ـی 2014 لە سەڵاحەددین بەڕێوە چوو، سەرۆك بارزانی زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی مەحموود جبریلی كرد و هیوای خواست لە كوردستاندا كاتێكی خۆشە بباتە سەر. لەم دانیشتنەدا بارودۆخی سیاسی ناوچەكە و دوایین پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و وڵاتی لیبیا خرانە بەر باس و سەرۆك بارزانی وێڕای دەربڕینی پاڵپشتیی خۆی و گەلی كوردستان بۆ گەلی لیبیا هیوای خواست كە لیبیا ئەم قۆناغە تێبپەڕێنێت و بگاتە سەقامگیری و پێشكەوتن.
شایانی باسە مەحموود جبریل بە مەبەستی بەشداریكردنی لە چالاكییەكانی ئەمساڵی پێشانگای نێودەوڵەتیی كتێب لە شاری هەولێر سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە.
پێشانگای نێودەوڵەتیی كتێب لە شاری هەولێر لە 2ـی 4ـی 2014 لەژێر چاودێریی سەرۆك بارزانی دەست بە كارەكانی دەكات.




