هۆزەكانی پارێزگای مووسڵ پشگیریی کاندیدەکانی پارتی دەکەن

هەولێر-KDP.info/بەشێکی زۆری هۆزەكانی پارێزگای مووسڵ پشگیریی پارتی دیموکراتی کوردستان و کاندیدەکانی دەکەن، جەختیش لەسەر برایەتی و پێکەوەژیان دەکەنەوە.
ڕۆژی (24/3/2014) ژمارەیەک لە پیاوماقوڵان لە هۆزەکانی پارێزگای مووسڵ و ژمارەیەک لە زانا و ڕۆشنبیر و بەرپرس و ئەندامانی دەزگای زیندانییە سیاسییەکان، لقی (نەینەوای سەربەخۆ) و ئەمینداری گشتی و ئەندامانی کۆڕبەندی خەونی گەنجان لە عێراق(تجمع حلم الشباب فی العراق) لقی نەینەوا و ئەفسەرانی سەربازی کە ئامادەی خوانی (شێخ عەزیز سنجار لازم الجبوری) بوون لە ناوچەی باشووری مووسڵ، کۆبوونەوەیەکی جەماوەرییان ئەنجام دا.
لەو کۆبوونەوەیەدا ڕەوشی گشتیی عێراق و ئەو دۆخە خراپەی تێی كەوتووە خرایە بەر باس، هاوکات گەشبینیی خۆیان بە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، کە بڕیارە لە بەرواری (30/4/2014) ئەنجام بدرێت نیشان دا، لەپێناو گۆڕینی داهاتوویەکی گەشاوە و پڕ لە خۆشەویستی و ئاشتی و ئاسایش.
ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە بە کۆی دەنگ بڕیاریان دا کە پاڵپشتیی کاندیدەکانی (پارتی دیموکراتی کوردستان) بکەن، ئەمەیش بۆ دووپاتکردنەوەی برایەتیی دێرینی نێوان کورد و عەرەب و مێژووی جوانی ئەم پەیوەندییە و، وەک خزمەتێکیش بە بەرژەوەندی گشتی.
لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار درا هانی جەماوەر و هۆزەكانی سنووری پارێزگای مووسڵ بدەن بۆ ئەوەی بەشدارییەکی بەهێز و كارا بکەن و ئامادە بن لەسەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بدەن بە کاندیدەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری پارێزگای نەینەوا.




