لەمڕۆوە، شارەوانی هەڵەبجە سەرپێچەییەکانی هەڵبژاردن تۆمار دەكات
هەڵەبجە- تایبەت بە/KDP.infoبەشێک لە کاندیدەکانی هەڵبژاردن لە شاری هەڵەبجە سەرپێچیی ڕێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان دەکەن، شارەوانی هەڵەبجەیش کۆمسیۆن ئاگادار دەکاتەوە.
پەیامنێریKDP.info لە شاری هەڵەبجە ڕایگەیاند، لەگەڵ راگەیاندنی یەکەم رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکان و ئەنجوومەنی نیشتیمانی عێراق لایەنە سیاسییەکان لە سەعات 12ی شەو کەوتنە هەڵواسینی ئاڵا و لۆگۆ و پۆستەر و وێنەی کاندیدەکانیان، گوتی: "لە یەکەم رۆژی ئەو بانگەشەیە چەند کاندیدیَکی لایەنی سیاسی بەبێ رەچاوکردنی یاساکانی کۆمسیۆنی باڵا و شارەوانیی هەڵەبجە چەندین پۆستەر وێنەیان بە شێوەیەکی نایاسایی هەڵواسیوە، لە کاتیکدا کە هێشتا وێنە و پۆستەری هەڵبژاردنی پێشوویان لا نەداوە".
شارەوانی هەڵەبجە، خدر کەریم، بە سزادان هۆشداری دەدات و لە لێدوانێکی تایبەت بەKDP.info گوتی: "کە ئێمە بۆ سزادانی چەند لایەنێکی سیاسی کە پێشتر لە بانگەشەی هەڵبژاردن سەرپێجییان کردووە نووسراومان ئاراستەی کۆمسیۆنی باڵا کردووە، بەڵام بە داخەوە تا ئێستا وەڵام نەدراوەتەوە، ئەمڕۆیش هەستمان کرد رەچاوی یاسای بانگەشەی هەڵبژاردن نەکراوە و چەند سەرپێچییەکمان تۆمار کردووە، بۆیە بە دڵنیاییەوە، ئەو لایەنانە و هەم ئەو کاندیدانە کە سەرپێچییان کردووە و شوێنی گشتییان بۆ بانگەشەی خۆیان بەکار هێناوە و ستوون و شوێنە گشتییەکانیان ناشیرین کردووە، سزا دەدەین"، گوتیشی "لە ئەمڕۆوە خەریکی تۆمارکردنی سەرپێچییەکانین."
ئەمە لە کاتێکدایە هێشتا کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەو دەڤەرە جگە لە بارەگا حیزبییەکانی خۆیان تا ئیستا هیچ پۆستەر و وێنەی خۆیان لە شەقامەکان هەڵنەواسیوە و لە رێگەی سەردان و کۆڕ و کۆبوونەوە پەیامی خۆیان بە دانیشتووانی هەڵەبجە و هەورامان و شارەزوور و سیدسادق و پێنچوێن دەگەیەنن.
بیخال خالید هەڵەبجە




