عەلی حوسێن: سەركەوتنی پارتی لەم هەڵبژاردنەدا دەبێتە هۆی زاڵبوون بەسەر كێشەكاندا

هەولێر- /KDP.infoبەرپرسی لقی 2ـی پارتی دیموكراتی كوردستان باوەڕی وایە كە وەك چۆن پارتی لە هەڵبژاردنی ڕابردوو حیزبی یەکەم بوو، بۆ ئەم هەڵبژاردنەیش پارتی متمانەی جەماوەری کوردستان بە دەست دەهێنێتەوە؛ جەختیش دەكاتەوە، سەرکەوتنی پارتی لەم هەڵبژاردنەدا وەک ناوەندی بڕیاری سیاسی، دەبێتە هۆکارێک بۆ زاڵبوون بەسەر کێشە و گرفتەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسیی کوردستان.
بەرپرسی لقی 2ـی پارتی دیموکراتی کوردستان،عەلی حوسێن، لە لێدوانێکدا بۆKDP.info گوتی: "بە خوێندنەوەیەکی ورد بۆ ڕەوشی سیاسیی ناوچەکە و جیهان و گۆڕانکارییەکانی ناو هەرێمی کوردستان و ئەزموونی ڕابردووی حوکمڕانی لە هەرێم و هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو لە کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕێگای بەرنامەیەکی تۆکمەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکان دەکات، بە جۆرێک ئەوەی پەیوەستە بە عێراقەوە خاڵی هاوبەشی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان هەیە، چونکە پێداگیری دەکات لەسەر مافە ڕەواکانی گەلی کورد ئەو ماددە دەستووریانەوە کە پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، کردومانەتە خاڵێک بۆ ئەوەی هەم لە هەڵبژاردنە و هەم لە کاری سیاسیدا بتوانین بە هاوبەشی لەگەڵ لایەنەکان پێداگیرییان لەسەر بکەین.
زیاتر گوتی: لە کوردستانیش پارتی جەخت لەسەر چەند شتێکی سەرەکی دەکاتەوە لەوانە بابەتی باشترکردنی ژیانی خەڵک و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان و خەڵکی ئەو شوێنانەی کە پارتی تێیدا ئیدارەی کردووە باشتر درکی پێ دەکەن، لە هەمان کاتدا ئێمە پەیامی ئاشتیانە و سەردەمیانەمان هەڵبژاردووە، کە هانی خەڵک و ئەندامانمان بدەین بچنە بەردەم سندووقەکانی دەنگدان، چونکە پێمان وایە پەیامی ڕاستەقینەی دەنگدەر هەڵبژاردنی نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیەتی بە شێوەیەکی ئازادانە و دوور لە خروقات".
دووپاتی كردەوە كە "پارتی حیزبی دوێنێ بووە و حیزبی ئەمڕۆ و سبەینێشە، بۆیە ئەزموونی سەرۆک مەسعود بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان بووەتە جێگا متمانەی خەڵکی کوردستان و عێراق ئەمەش وای کردووە لەم هەڵبژاردنە پارتی ببێتە جێگا متمانەی خەڵکی کوردستان و دەنگی زۆرینە بە دەست بهێنێت".
گوتیشی: "ئێمە لە هەڵبژاردنی ڕابردوو حیزبی یەکەم بووین، بۆیە بە خوێندنەوەی خۆمان پێمان وایە کە بۆ ئەم هەڵبژاردنەش پارتی متمانەی جەماوەری کوردستان بە دەست دەهێنێتەوە، سەرکەوتنی پارتی لەم هەڵبژاردنەدا وەک ناوەندی بڕیاری سیاسی دەبێتە هۆکارێک بۆ زاڵبوون بەسەر کێشە و گرفتەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسیی کوردستان".
بەکر و کارزان هەورامی




