سەرۆك بارزانی بۆ ئەردۆغان: دڵنیام ئەنجامەكانی هەڵبژاردن كاریگەریی لەسەر بەهێزتركردنی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا دەبێت

هەولێر-KDP.info/ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانی، بە بۆنەی سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە توركیا، ڕایدەگەیەنێت، "لەوە دڵنیام كە ئەنجامەكانی ئەم هەڵبژاردنە كاریگەریی لەسەر بەهێزتركردنی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا دەبێت." هاوكات هیواخوازە كە، پەیوەندیی برایانە و دۆستانە لەنێوان توركیا و هەرێمی كوردستان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو پێشەوە بچێت.
دەقی پەیامی سەرۆك بارزانی:
برای بەڕێز ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك وەزیرانی كۆماری توركیا
سڵاوێكی گەرم..
بە بۆنەی سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە توركیا و هەروەها سەركەوتنی پارتی داد و گەشەپێدان لەم هەڵبژاردنانەدا گەرمترین پیرۆزبایی لە گەلی توركیا و بەڕێزتان دەكەم.
بێگومان ئەم هەڵبژاردنە هەنگاوێكی پڕبایەخی توركیا بوو بۆ پتەوتركردنی بنەماكانی دیموكراسی و دەسەڵاتی گەل. لەوە دڵنیام كە ئەنجامەكانی ئەم هەڵبژاردنە كاریگەریی لەسەر بەهێزتركردنی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا دەبێت. هیوادارم ئاشتی و برایەتی و بووژانەوە لە توركیا بەهێزتر بێت و پەیوەندیی برایانە و دۆستانە لەنێوان توركیا و هەرێمی كوردستان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو پێشەوە بچێت.
هیوای سەركەوتن و سەلامەتیتان بۆ دەخوازم
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
31/3/2014




