٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د.كه‌مال كه‌ركووكی دەڵێت، كۆنفیدراڵی چارەی كێشەكانی عێراق دەكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- KDP.info/د. كەمال كەركووكی پێوەست بە دۆخی هەنوكەیی عێراق و پێوەندیی هەولێر و بەغدا ڕایگەیاند، بەغدا دەستووری وەلا ناوە و هه‌ر چیی پێیان خۆش بێت، به‌ دروستی ده‌زانن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن بیسه‌پێننه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان كه‌ ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستان قبوڵكراو نییه‌. دووپاتیشی كردەوە كە، بۆ بەرجەستەكردنی دیموكراسیەت، فیدراڵیەت گونجاو نییە و دەبێ هەنگاو بنرێت بۆ قۆناخێكی دیكە ئەویش بەرجەستەكردنی سیستمی كۆنفیدراڵی.

ئه‌مڕۆ دووشه‌م به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كان و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، د.كه‌مال كه‌ركووكی، و ئەندامانی مه‌كته‌ب، له‌گه‌ڵ هه‌ڵسوڕێنه‌ری كاروباری نووسینگه‌ی باڵیوزخانه‌ی كه‌نه‌دا بۆ عێراق، ستیفا‌نی دوهه‌یم و شاندی یاوه‌ری كۆ بووه‌وه‌ و، چه‌ندین ته‌وه‌ر و بابه‌تی تایبه‌ت به عێراق و هه‌رێمی كوردستان و ‌ناوچه‌كه‌ خرانه‌ به‌ر باس.

ستیفانی دوهه‌یمی هه‌ڵسوڕێنه‌ری كاروباری نووسینگه‌ی باڵیوزخانه‌ی كه‌نه‌دا بۆ عێراق، خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا به‌و دیداره‌ و‌ بە د.كەمالی گوت "پێش هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان یه‌كترمان بینی و بۆچوونه‌كانتان له‌ جێگای خۆیدا بوو.ئێستاش جارێكی تر هاتووین گوێمان له‌ بۆچوونه‌كانتان بێت."

له‌ دیداره‌كه‌دا كێشه‌ و گرفته‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا خرانه‌ به‌رباس، د.كه‌مال كه‌ركوكی رایگه‌یاند: هه‌رێمی كوردستان جه‌خت له‌ پابه‌ندبوونی به‌غدا به‌ ده‌ستووری عێراقی فیدراڵ ده‌كات و به‌غدایش ده‌ستووریان به‌لاوه‌ ناوه‌ و هه‌ر چیی پێیان خۆش بێت، به‌ دروستی ده‌زانن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن بیسه‌پێننه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان كه‌ ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستان قبوڵكراو نییه‌.

كەركووكی هەروەها گوتی، "زوڵم و ئه‌زموونی پاش جه‌نگی یه‌كه‌می جیهان، كوردی خسته‌ گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵ و غازی كیمیاوی و به‌ته‌واوی رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی پاكتاوی نه‌ژادی (جینۆساید) بووه‌. پاش رووخانی رژێمی به‌عس، له‌عێراقی نوێدا فیدرالی ته‌جرووبه‌ كرا، ئه‌ویش به‌ كرده‌یی ده‌ركه‌وت كه‌ له‌ وڵاتێكی وه‌كو عێراق كه‌ خاكه‌كه‌ی له‌ خاكی كوردستان و عه‌ره‌بستان به ‌زۆر پێكه‌وه‌ لكێنراون‌، زمانی فه‌رمیی وڵاته‌كه‌ زمانی عه‌ره‌بی و كوردییه‌ كه‌ نه‌ عه‌ره‌ب زمانی كوردی ده‌زانێ و نه‌ كوردیش زمانی ئه‌وان به ‌باشی تێ ده‌گات،‌ مێژوویه‌كی پڕ زوڵم و ناعه‌داله‌تی دژ به‌ گه‌لی كورد كراوه‌، بۆیه‌ نه‌ك فیدرالی هه‌ر سه‌ركه‌وتوو نییه‌، به‌ڵكو نه‌هامه‌تی و كاره‌ساتی زۆری به‌دواوه‌یه‌. بۆیه‌ زۆر گرنگه‌ هه‌موو كار بكه‌ین بۆ سه‌قامگیریی ناوچه‌كه‌ و په‌ره‌پێدانی پرۆسه‌ی دیموكراسی، كه‌ ئه‌ویش له‌ وڵاتێكی وه‌كو عێراق به‌ فیدرالی جێبه‌جێ ناكرێت، بۆیه‌ ده‌بێت كار بكه‌ین به‌ لێكتێگه‌یشتن بۆ قۆناغێكی تر كه‌ ئه‌ویش له‌ كۆنفیدراڵی خۆی ده‌گرێته‌وه‌‌."

لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە باس له‌ ئاواره‌كانی رۆژئاوای كوردستان و هاوكاریكردنیان و هه‌ڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان و هه‌رێمی كوردستان ده‌رباره‌ی بارودۆخی سووریا كرا، له‌و رووه‌وه‌ د.كه‌مال كه‌ركووكی رایگه‌یاند: كه‌ ئێمه‌ وه‌كو پارتی دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ده‌ستهێنانی مافی ره‌وای گه‌لی كوردە له‌ رۆژئاوای كوردستان، به‌و شێوه‌یه‌ی هه‌مووان له‌ناو خۆیان له‌سه‌ر داخوازییه‌كانیان رێك بكه‌ون و په‌ره‌ به‌ پرۆسه‌ی دیموكراسی بده‌ن.

گوتیشی كە سنووری نێوان هه‌رێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان بۆ پێداویستی مرۆڤایه‌تی كراوه‌یه‌.

‌ داوایشی كرد كه‌ رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و حكوومه‌ته‌ دیموكراسییه‌كانی دنیا ده‌ستی هاوكاریی زیاتر بۆ ئاواره‌كانی رۆژئاوای كوردستان درێژ بكه‌ن.

هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا تیشك خرایه‌ سه‌ر پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێم و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و سه‌ختیی بارودۆخی پارێزگای ئه‌نبار و فه‌لووجه‌ و شارۆچكه‌كانی ده‌وروبه‌ریان و كاركردن بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌رد.

لای خۆیەوە ستیفانی دوهه‌یم رایگه‌یاند، كه‌ وڵاته‌كه‌ی به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك، هه‌وڵ ده‌دات پشتیوانیی پرۆسه‌ی دیموكراسی بكات. تیمه‌كانی چاودێریی وڵاته‌كه‌یان له‌ عێراق ده‌بن و رۆڵی خۆیان ده‌بینن. ئه‌وه‌شی راگه‌یاند كه‌ كه‌نه‌دا له‌ هاوكاریكردنی په‌نابه‌رانی رۆژئاوا به‌شداره‌ و به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ هاوكاریكردنیان و ستایشی رۆڵی هه‌رێمی كوردستانی كرد له‌و ئه‌ركه‌ گرنگه‌ی كه‌ پێی هه‌ڵده‌ستێت به‌رامبه‌ر ئاواره‌كان و پرۆسه‌ی دیموكراسی.

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار