٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆك بارزانی: ئەگەر هەڕەشە و گوشارەكانی عێراق بەردەوام بن، ناچارین ڕێگەی دیكە بگرینە بەر

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- KDP.info/ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانی، لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ لە ئەندامانی كۆنفرانسی ساڵانەی پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە واشینگتۆن، ڕایگەیاند، هێشتا فەرهەنگی خۆسەپاندن و گەڕانەوە بۆ دیكتاتۆرییەت لە بەغدا باڵادەستە و بە چاوی پاشكۆ سەیری كوردستان دەكات. سەرۆك بارزانی جەختی كردەوە كە "ئەگەر دەسەڵاتدارانی بەغدا بەردەوام بن لە پێشێلكردنی دەستوور و بیانەوێ لە ڕێی هەڕەشە و بڕینی بودجەوە گوشار بۆ هەرێم بهێنن ئەوا ئێمە ناچارین ڕێگەی دیكە بگرینە بەر"، زیاتر گوتی "لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا هەرێمی كوردستان پێیوایە هێشتا دەرفەت ماوە گرفتەكان چارەسەر بكرێن ئەویش گەڕانەوە بۆ دەستوور و ڕەچاوكردنی شەراكەتی ڕاستەقینەیە."

 سەرۆك بارزانی ئەوەشی خستە ڕوو كە كورد عێراقێكی دەوێت كە ڕێز لە ئیرادەی هەموو لایەك بگیرێت و ڕێگە نەدرێت تاكەكەسێك ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر ژیانی خەڵك و عێراق لە مانای دەوڵەتبوون بەتاڵ بكاتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 31ـی 3ـی 2014 لە سەڵاحەددین سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانی، پێشوازی لە ئەندامانی كۆنفرانسی ساڵانەی پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە واشینگتۆن كرد كە پێكهاتبوون لە ژمارەیەك ئاكادیمی و سیاسەتوان و دیپلۆماتكاری جیهانی و عەرەبی و ناوچەیی لە نێوانیاندا خاتوو ویندی چەمبێرلین سەرۆكی پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە واشینگتۆن و عەلی دەبباغ گوتەبێژی پێشووی حكوومەتی عێراقی و هەروەها نوێنەری تایبەتی بەریتانیا بۆ كاروباری سووریا و نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئێران، هەروەها چەند ئاكادیمی و دیپلۆماتكاری عێراقی و ئێرانی و كوێتی و سعوودی و میسری و لوبنانی و ئیماراتی و چینی و فەڕەنسایی و بەریتانی و ئاڵمانیایی و ئەمەریكایی.
لەسەرەتای ئەم كۆبوونەوەیەدا خاتوو ویندی چەمبێرلین سەرۆكی پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە واشینگتۆن بە ناوی شاندەكە زۆر سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و باسی كار و چالاكییەكان و كۆبوونەوەی ساڵانەی پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی كرد كە ئەمساڵ لە شاری هەولێر بەستراوە كە بە ڕێگەی دووەمی دیالۆگ ناسراوە و ئاكادیمی و سیاسییەكانی جیهان بە هاوبەشی ئەنجامی دەدەن و پێشنیار و چارەسەر بۆ قەیرانەكان پێشكەشی دەوڵەتان دەكەن.
لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی میوانانی كرد و هیوای خواست كاتێكی خۆش لە كوردستان ببەنە سەر و لە كارەكانیشیاندا سەركەوتوو بن. دواتر بەڕێز سەرۆك بارزانی لە وتەیەكدا كورتەیەكی لە مێژووی سیاسیی عێراق و چۆنییەتی دروستبوونی دەوڵەتی عێراق و ئەو كێشە و گرفتانەی لەماوەی نەوەد ساڵی ڕابردوودا بەرۆكی گەلانی عێراقی گرتووە بۆ ئامادەبووان شی كردەوە و ئاماژەی بەوەدا كە هەر چەندە عێراق لە دوو نەتەوەی سەرەكی پێكهاتووە و و دەبوایە كورد لە عێراقدا شەریك بێت بەڵام گەلی كورد بێبەش كرا و تووشی نەهامەتی و جینۆساید هات و لە بیستەكانی سەدەی ڕابردوو هەتا 1991 شەڕی بەرگری لە مان و ناسنامەی خۆی دەكرد. سەرۆك بارزانی ئەوەشی باس كرد كە گەلی كورد خەباتی چەكداری بەسەردا سەپێندرا و لەم ڕێگەیەدا هیچكات ئامادە نەبوو پەنا بۆ تۆقاندن و تیرۆر و تۆڵە ببات و ڕێگەشی نەدا شەڕی كورد و دەستەڵاتی بەغدا ببێتە شەڕی نەتەوەی عەرەب و نەتەوەی كورد.
لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی ڕووخانی ڕژێمی بەعسی لە ساڵی 2003 بە دەرفەتێك زانی كە عێراقییەكان هەوڵ بدەن دەوڵەتێكی تازە لەسەر بنەمای فیدرالی و دیموكراسی و یەكترقبووڵكردن و هەروەها شەراكەتی ڕاستەقینە دابمەزرێنن. بۆ ئەو مەبەستە هەرێمی كوردستان بەشێكی گرنگی پڕۆسەی دووبارە بنیاتنانەوەی عێراق بوو و دەستوورێك نووسرا كە هەموو لایەك لەسەری ڕێككەوتن و زۆرینەی خەڵكی عێراقیش دەنگی بۆ دا. هەر پەیوەست بەم باسەوە سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە بەداخەوە دەستوور جێبەجێ نەكرا و بەهۆی هەڕەشەی تیرۆر و تاییفەگەری كێشەكان قووڵتر كران. سەرۆك بارزانی ئەوەی بۆ ئامادەبووان ڕوونكردەوە كە هێشتا فەرهەنگی خۆسەپاندن و گەڕانەوە بۆ دیكتاتۆرییەت لە بەغدا باڵادەستە و بەچاوی پاشكۆ سەیری كوردستان دەكات.
لەبارەی سیاسەتی نەوتی هەرێمیش سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە هەرێمی كوردستان هەنگاوێكی دژی دەستوور نەهاوێشتووە و بە پێی ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا هەتا دەرچوونی یاسای نەوت و گاز هەر دوولا دەتوانن گرێبەستی نەوتی مۆر بكەن.

سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە كێشەكانی ئەم دواییە و بڕینی مووچەی هاووڵاتیانی هەرێم جەختی لەوە كردەوە كە ئەگەر دەسەڵاتدارانی بەغدا بەردەوام بن لە پێشێلكردنی دەستوور و بیانەوێ لەڕێی هەڕەشە و بڕینی بودجە هەرێم گوشار بۆ هەرێم بهێنن ئەوە ئێمە ناچارین ڕێگەی دیكە بگرینە بەر. لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا هەرێمی كوردستان پێیوایە هێشتا دەرفەت ماوە گرفتەكان چارەسەر بكرێن ئەویش گەڕانەوە بۆ دەستوور و ڕەچاوكردنی شەراكەتی ڕاستەقینەیە. سەرۆك بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە كورد عێراقێكی دەوێت كە ڕێز لە ئیرادەی هەموو لایەك بگیرێت و ڕێگە نەدرێت تاكەكەسێك ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر ژیانی خەڵك و عێراق لە مانای دەوڵەتبوون بەتاڵ بكاتەوە.
لە دوای وتەكەی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئامادەبووان لەبارەی ئاییندەی كورد لە عێراق و هەڵبژاردنەكانی عێراق و هەروەها قەیرانی سووریا و پەیوندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دراوسێكانی ژمارەیەك پرسیاریان ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد و بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار