ھاوپەیمانی کوردستانی:کاری لیژنە سێ قۆڵییەکەی پەرلەمان کۆتایی ھاتووە

بەغدا- kdp.info/ گوتەبێژی لیستی ھاوپەیمانیی کوردستانی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند كە، کاری لیژنە سێ قۆڵییەکەی پەرلەمان کۆتایی ھاتووە و نەگیشتوونەتە ھیچ رێکكەوتنێک.
گوتەبێژی لیستی ھاوپەیمانیی کوردستانی لە پەرلەمانی عێراق، موئەیەد تەیب، بە kdp.infoـی راگەیاند: بڕیارە سبەی پەرلەمانی عێراق کۆ ببێتەوە و تێیدا خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجە بکات، بەڵام ئێمە بەشداری لەو کۆبوونەوەیە ناکەین، چونکە هێشتا ھیچ رێکكەوتنێک لەنێوان ھەرێم و بەغدادا نەکراوە.
تەیب گوتیشی: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وەک دەستپێشخەرییەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا بڕیاری داوە لە سەرەتای مانگی نیسانەوە، رۆژانە 100ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردەی دەرەوە بکات، بەڵام هێشتا حکوومەتی ناوەند وەڵامی ئەو دەستپێشخەرییەی نەداوەتەوە.
سەبارەت بە لیژنە سێقۆڵییەکەی پەرلەمان، ڤوتەبێژی ھاوپەیمانیی کوردستانی گوتی، ئەو لیژنەیە کۆبوونەوەیەکیان کرد و نەگەیشتنە ھیچ ئەنجامێک، بۆیە لە ئێستادا کاری ئەو لیژنەیە کۆتایی پێھاتووە و نەماوە.
تەیب روونی کردەوە، لیستی دەوڵەتی قانوون ئەگەر بتوانن رێژەی یاسایی ئەندامان تەواو بکەن، پڕۆژەیاسای بودجە بەبێ کورد تێدەپەرێنن، ئەوان چاوەڕێ ناكەن لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بگەنە رێكکەوتن، بەڵام نەیانتوانیوە ئەو کارە بکەن.
ناوبراو راشیگەیاند: ئێمە سوورین لەسەر ھەڵوێستی خۆمان و بەشداری لە ھیچ کۆبوونەوەیەک ناکەین تا داواکارییەکانی ئێمە لەبەرچاو نەگیرێت.
بڵند ئیبراھیم




