وەزارەتی كارەبا لە مانگی نیساندا، رۆژانە 23سەعات کارەبا دابین دەكات

ھەولێر- KDP.info/ بەرێوبەری کۆنتڕۆڵی دابەشکردنی کارەبای ھەرێمی کوردستان دەڵێت، بەپێی ئەو خشتەیەی وەزارەتی کارەبا دایناوە، مانگی نیسان رۆژانە 23سەعات کارەبای نیشتیمانی بە ھاووڵاتیان دەدرێت.
بەرێوبەری کۆنتڕۆڵی دابەشکردنی کارەبای ھەرێمی کوردستان، ئومێد محەممەد، بە kdp.infoـی راگەیاند: بەپێی ئەو خشتەیەی لەلایەن وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە دانراوە بۆ پێدانی کارەبای نیشتیمانی لە مانگی نیسان، رۆژانە 23سەعات کارەبا بە ھاووڵاتیان دەدرێت، ئەگەر ھیچ گرفتێک روو نەدات.
ئومێد محەممەد گوتیشی: مانگی رابردوو بە ھۆی سەرما و خواستی ھاووڵاتیان بۆ کارەبا رۆژانە 21سەعات کارەبا بە ھاووڵاتیان دەدرا، بەڵام ئەم مانگە بۆ23سەعات زیاد کراوە، چونکە سەرما کەم بووە.
محەممەد راشیگەیاند: ئەوان رۆژانە 23سەعات کارەبا بە ھاووڵاتیان دەدەن و سەعاتەكەی دیکەش لەلایەن مۆلیدە ئەھلییەکانەوە دابین دەکرێت.
ئاماژەشی دا، لەئێستا ھەرێمی کوردستان خاوەن نزیکەی دووھەزارو500 میگەوات کارەبای نیشتیمانییە و "ئەگەر ھاووڵاتیان ھاوکاریی ئێمە بکەن رۆژانە دەتوانین 24سەعات کارەبا دابین بکەین."
بڵند ئیبراهیم




