فازل نەبی: هێشتا ھیچ بڕیارێکی فەرمی نیە بۆ زیادکردنی بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان.

ھەولێر- KDP.info/ بریکاری وەزیری دارایی حکوومەتی عێراق دەڵێت، هێشتا ھیچ بڕیارێکی فەرمی نییە بۆ ئەوەی بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستان زیاد بکرێت.
بریکاری وەزیری دارایی حکوومەتی عێراق،فازل نەبی، بە kdp.infoـی راگەیاند: لە زاری وەزیری دارایی حکوومەتی عێراق دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەتەوە کە چوار ترلیۆن دینار لە بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستان زیاد دەکرێت، بە ھۆی ئەوەی ھەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەوەی لە سەرەتای مانگی داھاتووەوە رۆژانە 100ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردەی دەرەوەی وڵات بکرێت، بەڵام هێشتا ھیچ بڕیارێکی فەرمی نییە لەمبارەیەوە.
سەبارەت بە ناردنی مووچەی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە، فازڵ نەبی گوتی: من بەردەوام لە پەیوەندیدام لەگەڵ وەزارەتی دارایی، بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەی ئەم مانگە رەوانە نەکراوە و ھیچ باسێکیشی نییە.
دوای ئەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری دا کە لە سەرەتای مانگی نیسان رۆژانە 100ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردەی دەرەوە دەکات، وەزیری دارایی حکوومەتی عێراق رایگەیاند، وەک وەڵامێک بۆ ئەو دەستپێشخەرییەی ھەرێم چوار ترلیۆن دینار لە بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستان زیاد دەکەن.
بڵند ئیبراهیم




