لە 12ـی ئەمشەوەوە بانگەشەی ھەڵبژاردنەکان دەست پێ دەکات
__2014_03_31_h17m11s57__BA.jpg)
ھەولێر- kdp.info/ بەرپرسی ئۆفیسی ھەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، سەعات12ـی ئەمشەو بانگەشەی ھەڵبژاردنەکان لەلایەن قەوارە سیاسییەکانەوە دەست پێ دەکات.
بەرپرسی ئۆفیسی ھەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ھەندرێن محەممەد ساڵح، بەkdp.infoـی راگەیاند: ناوی کاندیدەکان بۆ ھەردوو ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان پەسەند کراون و ئەمشەو سەعات12ـی شەو بانگەشەی ھەڵبژاردنەکان دەست پێدەکات.
ھەندرێن محەممەد ساڵح گوتیشی: دابەشکردنی کارتی ئەلیکترۆنی دەنگدان بەسەر ھاووڵاتیان بەردەوامە و هێشتا رێژەی دابەشکردنە گەیشتووەتە 77% و لەو رێژەیە وەستاوە.
ساڵح روونیشی کردەوە، دابەشکردنی ئەو کارتانە بەردەوام دەبێت تاوەکو 20ـی مانگی نیسان و جارێ دیار نییە ماوەکە درێژ دەکرێتەوە یاخود نا، بەڵام ئەستەمە درێژ بکرێتەوە، چونکە رۆژی ھەڵبژاردن زۆر نزیک دەبێتەوە.
بڕیارە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان لە30/4/2014بەرێوە بچێت.
بڵند ئیبراھیم




