٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەحموود محەممەد: ئەم جارەیش سەردەمیبوون بە هەڵمەتی هەڵبژاردنی پارتییەوە دەبینرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- /KDP.infoئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دموکراتی کوردستان، مەحموود محەممەد، دەڵێت، پارتی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق شێوازێکی سەردەمیانە و پێشکەوتووانە دەگرێتە بەر.هاوكات دەخوازێت كە بانگەشەی هەڵبژاردن پێوەست بێت بە خزمەتگوزاری و ڕەچاوگرتنی بەرژەوەندیی باڵای خەڵكی هەرێم و، هەر لایەک هەوڵ بدات باسی ئامانج و بەرنامەکانی بکات کە دەتوانێت بە خەڵکی ببەخشێت و "ئومێد دەکەین کەس ناچارمان نەکات دەست بکەین بە هەڵمەتی ڕاگەیاندن لەبەرانبەریان".

لە هەڤیەیڤینێکدا بۆ KDP.infoبەرپرسی دەزگای ڕۆژشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی لەبارەی پرسی بانگەشەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە لە دەستپێکی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان گوتی: "پارتی وەک حزبێکی پڕخەبات و سەروەری هەموو خەباتی بۆ بەدیهێنانی ئاواتی گەلەکەی تەرخان کردووە، بۆیە بەپێی قۆناغەکان بەرنامەی خۆی داڕشتووە، چۆن و چەند هەنگاو بنێت بۆ نەهێشتنی ئەو زوڵمەی لە گەلەکەمان کراوە و چۆن کۆمەڵگای کوردستان بەرەو پێشەوە بەرێت، پارتی و سەرۆک بارزانی لەو بڕوایەدان هەرقۆناغ و بارودۆخێک شێوازێکی تایبەتی خەباتی پێویستە، ئەو سەردەمانەی پێویست بوو بە چەک بەرەنگاربوونەوە هەبێت ڕۆڵەکانی پارتی و بارزانی ڕەچەشکێن بوون، کۆمەڵێک داستانی مەزنیان خوڵقاند، ئەو کاتاتەی پێویست بوو بە گفتوگۆ و یەکلا کردنەوەی بابەتەکان، بە بەرچاوڕوونییەوە گفتوگۆیان دەکرد و چەندین دەستکەوتنی مەزنیان بۆ خەڵکی کوردستان بە دەست هێناوە، ئێستاش لەم بارودۆخە هەستیارە کە هەم ناوچەکە بەسەریدا تێدەپەڕێت و هەم کوردستانش، بە شێوەی گشتی و بەلەبەرچاوگرتنی هەلومەرجەکان و بەپیرەوەچوونی ئەو پرۆسە گرنگەی هەردوو هەڵبژاردنەکان ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاگان، ئەو چاوەڕوانییەی خەڵکی کوردستان لە سەرکردایەتیی پارتی و سەرۆک بارزانی هەیانە وەک لە پرۆسەی ڕابردوو کە ئەنجاممان دا، ئەم جارەش سەردەمیبوون بە هەڵمەتی هەڵبژاردنی پارتییەوە دەبینرێت و بانگەشەکان دەخەینە چوارچێوەیەکەوە کە هاوسۆزی و هاوخەمیی خەڵکی کوردستانی پێوە دیاربێت و، ڕێزگرتنی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگای پێوە دیاربێت".

مەحموود محەممەد گوتیشی كە، سەرچاوەی ئەم بڕوایە لە سەرۆک مەسعوود بارزانییەوە وەرگیراوە کە بریتییە لە نوێبوونەوە، دادپەروەری، پێکەوەژیان و هەموو هەوڵی خۆیشیان دەدەن بۆ دروستبوونی پایەکانی دیموکراتی و ڕێز لە بیر و بۆچوونی جیاوازیش دەگرن.

زیاتر گوتی: "ئێمە هەوڵ دەدەین ڕێکلامی سەر شاشە و تی ڤی و ڕۆژنامەکانمان و ماڵپەڕە فەرمییەکانمان زۆر شارستانیانە و سەردەمیانە بێت".

دەربارەی ئەگەری پەلاماردانی ڕاگەیاندنی هێزەکانی دیکە بۆ سەر پارتی و دیاریکردنی کاتی بانگەشە مەحموود محەممەد ئەوەی خستەڕوو دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردن هەڵدەگیرێت بۆ کاتی خۆی و لە ئێستاوە ناتوانن ڕایبگەیەنن کە کەی دەست بە بانگەشە دەکرێت، گوتی: "هیوادارین کەس ناچار نەکرێت دەست بکات بە هێرشکردن، بەڵکو هەموولایەک هەوڵ بدات باسی ئامانج و بەرنامەکانی بکات کە دەتوانێت بە خەڵکی ببەخشێت و ئومێد دەکەین کەس ناچارمان نەکات دەست بکەین بە هەڵمەتی ڕاگەیاندن لەبەرانبەریان".

لەبارەی گرنگیی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بەرپرسی دەزگای ڕۆشنبیری ڕاگەیاندنی پارتی ئەوەی ڕاگەیاند لە دوولایەنەوە گرنگی هەیە، یەکەم بۆ تەواوی عێراق کە هەرێمی کوردستان بەشێکە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراق، ئەم بایەخەیش لەوەدایە لە داڕشتنەوە و بڕیاردانی عێراقێکی نوێ، جیاوازی هەبێت لە عێراقەی ڕابردوو کە تێیدا دەستەڵاتێک حوکمی کردووە، لە کاتێکدا دەبێت شێوازی بەڕێوەچوونی دەستەڵات لە عێراق لەگەڵ هەشتا ساڵی ڕابردوو جیاواز بێت، گوتی: "ئێمەی کورد دەبێت زیاتر لە خەڵکی دیکە هەست بە کەموکورتییەکان بکەین کە دەبێت دەوری کاریگەرمان هەبێت و ژمارەی کورسییەکانمان لە پەرلەمانی عێراق زیاد بکەین، تا کاریگەریمان زیاتر بێت، بۆ ئێمەش وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژاردنی پارێزگاکان گرنگە، چونکە بەپێی ئەو یاسایەی کە پەرلەمانی کوردستان دایڕشتووە، دابەشکردنی دەستەڵاتە لەسەرتاسەری کوردستان، بۆیە گرنگی لەوەدایە خەڵک لە ڕێگای پارێزگاکانی خۆیانەوە هەوڵ بدەن ئەو کەموکورتیانەی هەیانە نەیانهێڵێن و هەوڵ بدەن ئەو شێوازە ژیانەی پێویستە بۆ خەڵک بە دی بهێنن و دابەشکردنی خزمەتگوزاری بە شێوەی یەکسان بێت و لەبەرچاو بیگرێت".

 

بەکر و کارزان هەورامی

 

هەواڵی پەیوەندیدار