٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

رای حیزبەكانی هەرێمی كوردستان لەسەر هەڵبژاردنی توركیا

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- ڕووداو- KDP.info/ لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان گەشبینن بە زیاتركردنی كورسی لایەنە كوردییەكان لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی توركیا و هەمووشیان هاودەنگن لەسەر ئەوەی پارتی دەسەڵاتدارAKP سەردەكەوێت لەو هەڵبژاردنەدا و ئەوەش بە قازانجی كوردی باكوور و باشووری كوردستانە.

شوان قلیاسانی: تاوەكو ئێستاش بۆچوونەكان بەو ئاراستەیە دەڕۆن، كە حیزبی دەسەڵات سەردەكەوێت.
شوان قلیاسانی، ئەندامی ژووری پەیوەندییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەڵبژاردن شتێكی ناوخۆییە، ئێستاش ململانێیەك هەیە لە نێوان گیولەن و ئەو دەسەڵاتەی ئێستا، كە كاتی خۆی پێکەوە هاوكاربوون لە هەڵبژاردن و گەیشتنە دەسەڵات. تاوەكو دەرەنجامەكەی دەرنەكەوێت، بڕوا ناكەم كاریگەرییەكی ئەوتۆی هەبێت، كە دەرەنجامەكەی دەركەوت، كێ دەسەڵاتی توركیای گرتەدەست ئەوە كاریگەری دەبێت لەسەر پرسی كورد و ئاشتی لە باكووری كوردستان".
ئەو ئەندامەی ژووری پەیوەندییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر ئەوەی كام لایەن بە سەركەوتنیان دەتوانن لە بەرژەوەندی كورد بجوڵێنەوە، گوتی، "ئەو لایەنەی باوەڕی بە پرۆسەی ئاشتی هەبێت، ئەوە دەتوانێت لە بەرژەوەندی كورد بێت، تاوەكو ئێستاش بۆچوونەكان بەو ئاراستەیە دەڕۆن، كە حیزبی دەسەڵات، وەڵام لە خەڵك وەردەگرێتەوە و سەركەوتن بەدەستدەهێنێت."
بلال سلێمان: حیزبەكەی ئەردۆ‌غان لەهەموو حیزبەكانی دیكە، كە پێشتر دەسەڵاتیان هەبووە، زۆر نەرمتر و گونجاوتر بووە لەگەڵ كورد و بۆ خەڵكی تووركیاش پێموایە باشتر بێت.

بیلال سلێمان، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەكانی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەڵبژاردنی توركیا لەو هەڵبژاردنانەیە، كە بە جۆرێك لە جۆرەكان دیموكرات و ئازادانەیە، ئێمە رێز لە بیروبۆچوونی خەڵكی توركیا دەگرین بە شێوەیەكی گشتی، بەڵام باشتر وایە خەڵكی كورد بەتایبەتی، كە مەزڵوومیەتێكی زۆریان كێشاوە لە توركیا، بۆ هەڵگرتن و لاچوونی ئەو زوڵمە باشتر ئەوەیە دەنگ بە كەسانێك بدەن، كە بە شێوەیەكی راستەوخۆ پارێزگارییان لێدەكەن، بۆیە ئومێد دەكەم كە كورد دەنگ بەوانە بدات و ئەوەش لە بەرژەوەندی كوردە."
بیلال سلێمان دەشڵێت، "من تەنها ئاكپارتی بە لایەنگری كورد نازانم و هەر لایەنێكی كوردی كە كاندیدیان هەبێت بۆ من گرنگ نییە دەنگ بە كێ دەدەن، تەنها گرنگ ئەوەیە دەنگ بە كەسانێك بدەن، كە بزانن خزمەتیان پێدەكات، پێشبینیش دەكەم كە حیزبی دەسەڵات دیسان یەكەم بێت لە سەر ئاستی هەموو لیستەكانی دیكە، مەرجیش نییە لە سەدا 50+1 بهێنێت".
سەعدی ئەحمەد پیرە: ئاكپارتی دۆسیەیەكی دەستپێكردووە، كە ئێستا لایەنێكی سیاسی دیكە بێجگە لەو حیزبە ناتوانێت ئەو پرۆسەیە بگەیەنێتە ئەنجام.

سەعدی ئەحمەد پیرە، بەرپرسی پەیوەندییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "توركیا بە بەراورد لەگەڵ دەوڵەتانی دیكەی ناوچەكە دەمێكە بەدامەزراوەیی كراوە، ساڵانی رابردوو كێشەیەكی گەرم هەبوو لەنێوان توركیا و هێزە سیاسییە كوردستانییەكان، كە زۆربەی جار كێشەكان بە بەكارهێنانی چەك و تووندوتیژی خوێندنەوەیان بۆدەكرا، بەڵام ئێستا رەنگە ئەو ناكۆكییانە شێوازەكەی گۆڕدرابێت و لەبابەتی ناكۆكی سارددایە. ئەوەی ئێمە لە چەند رۆژی رابردوو لە توركیا هەستمان پێكرد، جۆرێك لە كۆدەنگی زۆر فراوان لەناو كۆمەڵگەی كوردی هەیە، تاڕادەیەكی زۆریش لەو كۆبوونەوە و ئاهەنگە گەورانەی كە كران، هەستمان بە هەبوونی ئاسایشی كۆمەڵایەتی كرد، تەنانەت لە شاری ئامەد زیاتر لە 2 ملیۆن كەس بەشداربوون، كە یەك رووداویش تۆمارنەكرا و یەك پۆلیسیش لەبەرچاو نەبوو، ئەمە خۆی گوزارشت لە هەبوونی ئاسایشی كۆمەڵایەتی دەكات".
سەعدی پیرە، كە هاوكات ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتییە، گوتیشی، "پێموایە لایەنی كوردی دەنگێكی زۆر باش بەدەستبهێنێت و دەنگی لایەنی كوردی زیادبكات، هەستمان پێكرد كە لە باكووری كوردستان ركابەرێتییەكی زۆر هەبوو لە نێوانBDPو ئاكپارتی، رەنگە گۆڕانكاری بەسەردا بێت و ئێستا چەند گەورە بێت یان چەند بچووك، بە دڵنیاییەوە بە قازانجی كورد دەبێت و بۆ هەرێمی كوردستانیش باش دەبێت."
سەعدی ئەحمەد پیرە پێشبینی خۆی بۆ ئەو هەڵبژاردنە دەخاتەڕوو، "پێشبینی دەكەم ململانێكانی نێوان گیولەن و ئەردۆغان كاریگەرییان هەبێت لەسەر دەنگی حیزبی دەسەڵاتدار، بەڵام كاریگەرییەكان ئەوتۆ نابن وردە وردە دەوری گیولەن و حیزبەكەی كەمدەبێتەوە، لەبەر ئەوەی جەماعەت گرنگیدانیان زیاتر لەسەر تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان و دەرەوەی توركیایە و لە ناوخۆی توركیا تەنها سوودی لە ناكۆكی لایەنە سیاسییەكان وەرگرتووە، ئەگینا تەنها بۆ خۆی شتێكی دیاریكراوی پێشكەش نەكردووە، من پێموایە ئاكپارتی دۆسیەیەكی دەستپێكردووە، كە ئێستا لایەنێكی سیاسی دیكە بێجگە لەو حیزبە ناتوانێت ئەو پرۆسەیە بگەیەنێتە ئەنجام."
ئەبووبەكر عەلی: سەركەوتنی ئیسلامی دیموكراتیك و لیبراڵ لە توركیا، لە قازانجی ئێمەیە وەك كوردی باكوور، باشوور و رۆژئاوا.

ئەبووبەكر عەلی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بە دڵنیاییەوە هەر هەڵبژاردنێك ئێستا لە توركیا بكرێت پەیوەندی راستەوخۆی لەسەر پرسی كورد لە باكوور و باشووری كوردستان هەیە. ئەو حیزبەی، كە لە توركیا دێتە سەر دەسەڵات، تێڕوانینەكانی بەشێكی پەیوەستە بە جۆری مامەڵەكردنی لەگەڵ باشووری كوردستان و پڕۆسەی ئاشتی، كە پەیوەستە بە چارەسەركردنی كێشەی كورد لە باكووری كوردستان. ئێمە پێمانوایە درێژەدان بە پڕۆسەی ئاشتی لەو بەشەی كوردستان و هەروەها درێژەدان بەو پەیوەندییانەی، كە چەند ساڵیكە لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی توركیا دروستبووە، لەوەدایە، كە جارێكی دیكە هێزێكی وەكAKP هەڵبژاردنەكان بەرێتەوە، لەبەر ئەوەی ئۆپۆزیسیۆنی توركیا لە سۆنگەی دیدی نەتەوە پەرەستانە و بەرچاو تەنگە ناسیۆنالیستەكانەوە، كێشەیان لەگەڵ درێژەدانی پڕۆسەی ئاشتی هەیە لە توركیا و تەنانەت پێیانوایە هەندێك لەو هەنگاوانەی كە نراون زیاد لە پیویستن و سەری لە دابەشكردنی توركیا دەهێنێتە دەرەوە، هەروەها هەندێكیان هەڵویستیان بەرامبەر پەیوەندییەكانی لەگەڵ باشووری كوردستان خراپە و پێیانوایە، كە دەبێت جارێكی دیكە هەولێر تێپەڕێنن و لەگەڵ بەغدا راستەوخۆ مامەڵە بكرێت، لەبەر ئەوانە سەركەوتنی ئیسلامی دیموكراتیك و لیبراڵ لە توركیا، لە قازانجی ئێمەیە وەك كوردی باكوور،باشوور و رۆژئاوا".
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان گەشبینی خۆشی نیشاندەدات لە سەركەوتنی كورد لەو هەڵبژاردنە، "بەو رێژەیەش لایەنە كوردییەكان دەنگی باشتر و كورسی زیاتر بێنن، دەتوانن خەباتە مەدەنییەكەیان لە پێناو چارەسەركردنی دۆزەكەیان لە چوارچێوەی ئەو خەباتە ئاشتیخوازانەی، كە دەستیان پێكردووە، زیاتر بیبەنە پێشەوە، كە پێموایە پێگەی هەڵبژاردنی كوردەكانیش بەهێزتر دەبێت وئایندەی چارەسەری كێشەكەش بە دەرچوونەوەیAKPلەم هەڵبژاردنە، لەگەڵ بەهێزبوونی پێگەی كوردەكان بەگەش دەبینم."
ئەحمەد كانی: ئێستاش ركابەرەكانی ئاكپارتی لە توركیا لە جاران گەرم و گوڕترن، بەڵام AKP سەركەوتن بەدەستدەهێنێت.

ئەحمەد كانی، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێستا دەرفەتێك هەیە بۆ كورد، كە لە رێگەی هەڵبژاردنەكان ژمارەی كورسییەكانیان زیاد بكەن، بەدڵنیاییەوە پرسی كورد كاریگەری لەسەر سیاسەتی دەوڵەتی توركیا هەیە، وا هەستدەكەم كە ئەو كرانەوەیەی ئێستا هەیە، AKPو ئەردۆغان قازانجی لێدەكەن".
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتیشی، "ئەو سیاسەتەیAKPئێستا پەیڕەوی دەكات، ئەگەر بەردەوام بێت لەسەری دەرەنجامێكی باشی دەبێت، هەرچەندە بە باوەڕی من ئەمجارە ژمارەی كوورسیەكانیBDP زیاتر بێت لەجاران و هەروەكو ئاشكراشە ئەو دوو حیزبە لە باكووری كوردستان ركابەری سەرەكین و زیادكردنی كورسییەكانیBDP كەمبوونەوەی كورسیەكانی AKP لێدەكەوێتەوە."
بڕیارە رۆژی یەكشەممە 30-3-2014، لە باکووری کوردستان و توركیا هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، كە ئەو هەڵبژاردنە بۆ چوار پۆست ئەنجامدەدرێت و بریتین لە، سەرۆك شارەوانی گەورە، سەرۆك شارەوانی ناوچەكان، ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان و موختار.

لە كۆی 76 ملیۆن کەس، 52.645.841 كەس مافی دەنگدانیان هەیە. ژمارەی ئافرەتانی دەنگدەر 26.704.757، دەنگدەرە. ژمارەی دەنگدەرانی پیاو 25.991.075، دەنگدەرە. هەڵبژاردنەكە لە 81 شاری ئەم وڵاتە بەرێوەدەچێ. 194.310 سندوقی دەنگدان ئامادەكراوە بۆ كۆكردنەوەی دەنگەكان. نزیكەی4.5 ملیۆن دەنگدەر یەكەمجارە بەشداری هەڵبژاردن دەكەن. لە كۆی 77 پارتی سیاسی توركیا، 25 پارت بەشداری دەكەن. زۆرترین رێژەی دەنگدەران لە ئیستانبوڵە، كە 9.997.024 دەنگدەرە. رێژەی پاڵێوراوە ئافرەتەكان %3.3ـەیە. رێژەی پاڵێوراوە پیاوەكان %96.7ـەیە. پارتی سەعادەت و پارتی دیموكراتی چەپ، دوو پارتی بچووكی بەشدارن، کەچی ئەم دوو پارتە پێشتر دەسەڵاتداری توركیا بوون. بە پێی ماددەی یەكی زیادكراو لە یاسای هەڵبژاردنی هەرێمیی، هەر كەسێك مافی دەنگدانی هەبێت و دەنگ نەدات، ئەوا بە 22 لیرە سزا دەدرێت. 12 كاژێر بەر لە هەڵبژاردنەكان بانگەشەی هەڵبژاردن وەستا. هەڵبژاردن كاژێر 8ی بەیانی بە کاتی ئەنقەرە دەستپێدەكات و كاژێر 6ـی ئێوارە كۆتایی پێدێت و 12ـی شەوی هەمان رۆژ ئەنجامەكان ئاشكرا دەكرێن. بە پێی دوایین راپرسی، پارتی داد و گەشەپێدانAKP یەكەمە، پارتی گەلی کۆماریCHP دووەمە، پارتی نەتەوەپەرستی تورکیاMHP سێیەم و پارتی ئاشتی و دیموکراسیBDP چوارەمە.

هەواڵی پەیوەندیدار