لێدوانێك لە گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان

بەرپرسی ژووری پەیجووری لە بزووتنەوەی گۆڕان لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ژمارە 421ـی حەفتەنامەی ئاوێنەدا باسی لەوە كردووە كە گوایە سەرۆك بارزانی پێشنیاری بۆ ڕێكخەری گشتیی گۆڕان كردووە كە پارتی و یەكێتی و گۆڕان بە بێ لایەنە ئیسلامییەكان كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێم پێك بهێنین. لێرەدا ڕای گشتیی كوردستان ئاگادار دەكەینەوە كە ئەم بابەتە هیچ بنەمایەكی نییە و دوورە لە ڕاستی. سەرۆك بارزانی لەگەڵ ئەوەدایە كە حكوومەتێكی بنكەفراوان بە بەشداریی گشت لایەنەكان پێك بهێندرێت و لایەنە ئیسلامییەكانی كوردستانیش زۆر چاك ئاگاداری ئەم هەڵوێستەی سەرۆك بارزانین.
د. ئومێد سەباح
گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
27ـی 3ـی 2014




