وەڵامێك بۆ فەرماندەی گشتیی یەپەگە

حەفتەنامەی دەستوور لە ژمارەی 68ـی خۆیدا چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ سیپان حەمۆی فەرماندەی گشتیی یەپەگەدا كردووە و ناوبراو باسی ئەوەی كردووە كە گرووپە تیرۆریستییەكان پاڵپشتیی دارایی و ڕاهێنانیان لە پارتی وەرگرتووە بۆ دژایەتیی یەپەگە. هەر چەندە پێشتریش وەڵامی ئەم جۆرە درۆیانەمان داوەتەوە بەڵام نوێكردنەوەی ئەم تۆمەتە بێبنەمایە لە لایەن فەرماندەی گشتیی یەپەگە لە كاتێكدا داوای هاوكارییان لە پارتی كردووە جێگەی گومان و هەڵوەستەیە.
لایەنێك ئەوها بێباكانە یاری بە چارەنووسی گەلی كورد لە ڕۆژئاوا بكات و بە هەناسەی دیكتاتۆری و تاكڕۆیی و بە زۆری چەك و بە سەفەقاتی گوماناوی خۆی بەسەر ڕۆژئاوادا بسەپێنێت و خەڵكی ڕەسەن و نیشتیمانپەروەر پەراوێز بخات چاوەڕوانی ئەوەشی لێ دەكرێت درۆ و بۆختانی شاخدار ئاراستەی پارتی دیموكراتی كوردستانیش بكات.
هەڵوێستە نەتەوەییەكانی پارتی بۆ یارمەتیدانی ڕۆژئاوا لە پەنجا ساڵی ڕابردوو و هەتا ئێستا ڕوون و ئاشكرایە. ئەوە ئەوانن پەیوەندی ژێربەژێر و گوماناوییان لەگەڵ تیرۆریست و توندڕۆكاندا هەیە. ئەوان لەگەڵ خەڵكی خۆشیان ڕاستگۆ نین و دەیانەوێ لەڕێی بڵاوكردنەوەی ئەم درۆیانە شكستی سیاسی و جەماوەریی خۆیان پەردەپۆش بكەن. لە لایەك تۆمەت لەدژی پارتی هەڵدەبەستن و لە لایەكیش داوای هاوكاری و یارمەتی لە پارتی دەكەن. باشتر وایە لەگەڵ خۆیان و گەلی كورد ڕاستگۆ بن و چیتر خۆیان هەڵنەخەڵتێنن و ڕۆژئاوا نەكەنە قوربانیی لووتبەرزی و ناواقعبینی وخۆپەرستیی خۆیان.
با چیدی برینی ڕۆژئاوا لەوە زیاتر قووڵ نەكەن و بگەڕێنەوە بۆ كۆدەنگیی نیشتیمانیی كوردی و هەموو لایەك پێكەوە ڕۆژئاوا بپارێزن. ئەوەی پەیەدە و یەپەگە دەیكات زوڵمێكی ئاشكرایە لە دژی گەلی كورد لە ڕۆژئاوا و مێژوویش ئەوە لەبیر ناكات. جێگەی داخیشە حەفتەنامەی دەستوور بە بێ ئەوەی بەدواداچوون بۆ ڕاستیی وتەكانی ئەم كابرایە بكات بووەتە سەكۆیەك بۆ شێواندنی ڕاستییەكان و بڵاوكردنەوەی درۆ و بابەتی ناڕاست. جگە لەوەیش ورووژاندنی ئەم جۆرە تۆمەتە بێبنەمایانە لە ئێستا و لە لایەن ئەم حەفتەنامەیە جێگەی پرسیارە و دەبێ ئەوانەی لەپشت حەفتەنامەكەن وەڵام بدەنەوە. ورووژاندنی درۆی وا شاخدار تەنیا ئامانجی دروستكردنی كێشە و نانەوەی دووبەرەكیی نێوان باشوور و ڕۆژئاوایە.
سەرچاوەیەكی ڕۆژنامەوانی لە پارتی دیموكراتی كوردستان
27/3/2014




