یەكیەتیی ئەورووپا ئۆفیسێک بۆ بەدەنگەوەهاتنی ئاوارەکان لە هەولێر دەکاتەوە
ئەورووپا-KDP,info / یەكیەتیی ئەورووپا بڕیاری دا لە مانگی داهاتوودا، ئۆفیسێکی تایبەت بۆ بەدەنگەوەهاتنی ئاوارەکانی سووریا لە هەرێمی کوردستاندا بکاتەوە. نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش گەشبینیی خۆی بەم هەنگاوە دەربڕی بەوەی کە ببێێتە هەنگاوی یەکەم بۆ کردنەوەی نوێنەرایەتیی سیاسیی یەكیەتیی ئەورووپا لە هەرێمی کوردستان.
پاش سەردانەکەی (کریستالینا جۆرجێڤا) کۆمسیاری ئەورووپا بۆ هاریکاریی نێودەوڵەتی و بەرەنگاربوونەوەی قەیران بۆ هەولێری پایتەخت و کۆبوونەوەی ناوبراو و شاندی یاوەری لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، کە تێیدا چەند پرسێکی تایبەت بە ئاوارەکانی سووریا و شێوازی هاریکاریکردنیان لە لایەن یەكیەتیی ئەورووپا تاوتوو کران، یەكیەتیی ئەورووپا بڕیاری دا ئۆفیسێکی تایبەت بۆ بەدەنگەوەهاتنی ئاوارەکانی سووریا لە هەرێمی کوردستان بکاتەوە.
ئەم بڕیارە لە ڕۆژی چوارشەممە 26/3/2014 لە میانەی سەردانێکی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆمسیۆنی ئەورووپا دووپات کرایەوە. لە میانەی کۆبوونەوەیەکدا لە نێوان نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دلاوەر ئاژگەیی و شاندێکی یاوەری لەگەڵ 'هەرڤە دیلفین' (Herve Delphin) بەرپرسی یەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری ڕۆژئاوای ئاسیا و (Eduardo Fernandez) شاندی کۆمسیۆنی ئەورووپا ڕایگەیاند کە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاریکاریی نێودەوڵەتی و بەرەنگاربوونەوەی قەیران لە کۆمسیۆنی ئەورووپا کە بە (DG ECHO) ناسراوە، مانگی ئایندە ئۆفیسێکی جێگییری هاریکاری لە هەولێر پایتەخت دەکاتەوە.
لە لێدوانێکدا دلاوەر ئاژگەیی وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ ئەو بڕیارەگرنگەی یەكیەتیی ئەورووپا، ڕایگەیاند کە کردنەوەی ئۆفیسێکی جێگییری یەكیەتیی ئەورووپا بۆ بەدەنگەهاتنی ئاوەرکانی سووریا هێمایە بۆ درککردن و پێزانینی یەكیەتیی ئەورووپا بەو ڕۆڵە گرنگ و بنیادنەرانەی کە هەرێمی کوردستان لە قەیرانی سووریا هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا گێڕاویەتی .
ئاژگەیی هەروەها ڕایگەیاند کە ئەم ئۆفیسە جێگییرە هاوشێوەی ئەوانەیە کە لە وڵاتانی تورکیا و ئەردەن دامەزراون و گەشبینیی خۆیشی دەربڕی بەوەی کە ببێێتە هەنگاوی یەکەم بۆ کردنەوەی نوێنەرایەتیی سیاسیی یەكیەتیی ئەورووپا لە هەرێمی کوردستان.




