عیماد ئەحمەد: پێمان خۆشە جیابوونەوە بەلێكتێگەیشتن بێت نەك بە شەڕ

ههولێر- KDP.info/ جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنێت، ڕاگەیاندنەكانی سەرۆكوەزیرانی عێراق، نووری ئەلمالیكی نابەرپرسانە و نایاسایی و دژ بە دەستوور و دژ بە پێكەوەژیانە لە عێراقدا.
عیماد ئەحمەد بە دەنگی ئەمهریكای، راگەیاندووە: لەسەر كوژرانی ڕۆژنامەوانە عێراقییەكە داوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی كراوە، بەڵام ئەگەر بێتوو ئەم دۆسێیە بگۆڕدرێت بۆ شتێكی سیاسی بە مەبەستی وروژاندنی سۆزی خەڵك و بەكارهێنانی بۆ هەڵبژاردن و بۆ دژی كورد ئەوه لە زۆر ڕەهەندەوە سیاسەتێكی هەڵەیە.
گوتیشی: ئەگەر بەغدا لە گەشەكردنی هەرێمی كوردستان تێناگات و لە مافەكانی گەلی كورد تێناگات، یان كاتێك حكوومەتی نێوەندی بڕوای بە پێكەوەژیان نییە با بە لێكتێگەیشتن یەكلایی بكرێتەوە نەك بە شەڕ، با دۆخەكە بگۆڕدرێت ببێتە كۆنفێدراڵی یان سەربەخۆیی بەبێ ئەوەی زیان لە هیچ لایەك بكەوێت.
راشیگەیاند: هەرێمی كوردستانی عێراق هەر بڕیارێك بدات ئاسان نابێت و دەبێت ئامادەكاریی بۆ بكات، لە پاش هەڵبژاردنەكانی عێراقیش نەخشەی سیاسی وڵاتەكە دەگۆڕدرێت و كوردیش دەتوانێت سەنگی خۆی بەكار بهێنێت.




