ھەولێر. رێژەی دابەشکردنی کارتی ئەلیکترۆنی گەیشتە 73%

ھەولێر- تایبەت بەKDP.info/ بەرپرسی ئۆفیسی ھەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، لە سنووری شاری ھەولێر73%ـی کارتی ئەلیکترۆنی بەسەر ھاووڵاتیاندا دابەش کراوە.
بەرپرسی ئۆفیسی ھەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ھەندرێن محەممەد ساڵح، بە kdp.infoـی راگەیاند: دابەشکردنی کارتی ئەلیکترۆنیی دەنگدان بۆ رۆژی ھەڵبژاردنەکان بەسەر ھاووڵاتیاندا بەردەوامە و تا ئێستا رێژەی دابەشکردنەکە گەیشتووەتە 73% و تاوەکو 20ـی مانگی داھاتوو بەردەوام دەبێت؛ بەڵام بڕوا ناکەم ماوەکەی درێژ بکرێتەوە.
بەرپرسی ئۆفیسی ھەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەلبژاردنەکانی عێراق راشیگەیاند: ھیچ ئەندامێکی کۆمسیۆن دەستی لە کار نەکێشاوەتەوە و تەنھا دەڵێن ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت دەست لە کار دەکێشنەوە.
ساڵح روونیشی کردەوە، بەیاننامەکەی کۆمسیاران ھیچ کاریگەری لەسەر ھەڵبژاردنەکان نابێت و لە کاتی خۆیدا بەرێوە دەچێت و ئەستەمە ھیچ ئەندامێکیش دەست لە کار بکێشتەوە.
بڕیارە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان لە30/4/2014بەرێوە بچێت.
بڵند ئیبراھیم




