٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەردوو پارتیی دیموكراتی كوردستان-سووریا و پارتیی یەكیەتیی كوردی-سووریاپشتیوانییان بۆ بانگەوازییەكەی (پەیەدە) ڕاگەیاند

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- KDP.info/ هەردوو پارتی(پارتیی دیموكراتی كوردستان-سووریا و پارتیی یەكیەتیی كوردی-سووریا)، بۆ پشتیوانیكردنی هێزەكانی (یەپەگە)ـی باڵی سەربازیی (پەیەدە) لە شەڕی دژبە هێرشی گرووپە تیرۆریستییەكان لە ناوچەی كۆبانی ووەك یەكەم هەنگاو، بەدەم بانگەوازییەكەی بزووتنەوەی گەلی كوردستان(TGK) دەچن.

 

سكرتێری پارتیی دیموكراتی كوردستان- سووریا، د. عەبدلحەكیم بەشار دەربارەی بانگەوازییەكەی (یەپەگە) ڕایگەیاند "شاری كۆبانیی كوردی لە سووریا بەرەوڕووی هێرشی ناڕەوای ڕیكخراوی داعش بووەتەوە كە دەیان كەس بوونەتە قوربانی و هەزارانیش بە هۆی هێرشەكانەوە شوێنی خۆیان جێ هێشتووە، ئەمە سەرباری ئەو گەمارۆیەی كە چەند مانگێكە بەردەوامە؛ سەرباری هەڵوێستی ئەو هێزانەی كە دەڵێن ئەركی پاراستنی كوردیان لە ئەستۆ گرتووە و هۆكارەكانی ئەو ململانێیە، پاراستنی ناوچە كوردییەكان لە ڕێكخراوە تیرۆریستییەكان ئەركی هەمووانە."

بەشار هاوكات دەڵێت "لێرەیشەوە داوا لە پارتیی یەكیەتیی دیموكرات(پەیەدە) دەكەین، بێ ئەوەی ترس لە شەڕی براكوژی هەبێت و لەژێرسایەی ئێمە یان ئاڵای كورد، ڕێگەمان بدەن بەرگریی لە شار و گوندەكانمان بكەین؛ ئامادەیشین بۆ ئەو پرسە دانوستانیان لەگەڵ بكەین و سەرجەم هێزە كوردستانییەكان كۆ بكەینەوە و دوور لە بیری تەسكی حیزبایەتی بەرگریی بكەین."

لای خۆیەوە سكرتێری پارتیی یەكیەتیی كوردی - سووریا، ئیبراهیم برۆ، ئێوارەی دوێنێ جەختی كردەوە "دوای گۆڕانكارییەكانی شۆڕشی سووریا و هەنگاونان بەرەو عەسكەرتارییەت، سەرباری بڕوامان بە ئاشتیخوازییەتی شۆرش، وا دیارە پێویستمان بە یەكخستنی ڕیزەكانمان و پێكهێنانی هێزێكی كوردی هەیە تا بەرگریی لە گەلی كورد و ناوچەكانی بكات و دژ بە ئەوانە بوەستێتەوە كە زیان بە گەلەكەمان بگەیەنێت."

ئیبراهیم برۆ جەختی كردەوە "ئەو دۆخەی كە كۆبانی وناوچەكانی دیكەی پێدا تێپەڕ دەبێ و بەرەوڕووی هێرشی ناڕەوای داعش و ڕێكخراوە تیرۆریستییەكانی دی دەبنەوە، هاوكات ئەو گەمارۆیەی بەسەر ناوچەكاندا سەپێندراوە و ئاوارەبوونی كورد لە ترپە سپی، دەورووبەری ڕەفە و حەلەب، هەمووی بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای كوردستانی سووریایە."

برۆ داوایشی لە ئەنجوومەنی ڕۆژئاوای كوردستان كرد كە بگیڕێنەوە بۆ ڕێككەوتنەی لە نێوان هەردوو ئەنجوومەندا واژۆ كراوە، كە گەرەنتیی شەراكەتێكی ڕاستینە بۆ ئیدارەی و پاراستنی كوردستانی سووریا دەكات؛ هاوكات بڕوای وایە كە پابەندبوون بەو شەراكەتە بەر بەو ڕاگوازتن و ئاوارەبوونە دەگرێت و هاندەر دەبێت بۆ گەڕانەوە بۆ ناوچەكەكانیان. دەشڵێت دانوستان و یەكڕیزیی كورد بۆ گوتووێژ لەگەڵ وڵاتان و شەریكەكانمان لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا بریتی نییە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار