٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، دەستلەكاركێشانەوەی بە كۆمەڵی ڕاگەیاند

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- KDP.info/ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بە هۆی دەستتێوەردانی سیاسییەوە وەك خۆیان دەڵێن، دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەش كردووە؛ ئەمەیش لە كاتێكدایە كە وەها بڕیارە لە مانگی داهاتوودا هەڵبژاردنی سەرتاسەری ئەنجام بدرێت.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن دەڵێت كە كۆمسیۆنەكە لە نێوان بڕیارە دژ بەیەكەكانی پەرلەمان و دەستەی دادوەرییەوە گیری خواردووە كە پێوەستە بە دوورخستنەوەی كاندیدان لە هەڵبژاردنی چاوەڕوانكراوی 30ـ نیساندا.

لە بەیاننامەیەكدا كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ڕایگەیاندووە، ئەندامانی ئەنجوومەن بەرەوڕووی گوشارێكی زۆر بوونەتەوە كە لە هەردوو دەستەڵاتی یاسادانان و دادوەرییەوە دەكرێتە سەریان.

بەیاننامەكە زیاتر دەڵێت، كۆمسیۆن نایەوێت ببێت بە لایەنێكی ئەو كێشەیە و هەرلەبەر ئەوەیشە كە بڕیاری دەستلەكاركێشانەوەی بە كۆمەڵیان پێشكەش كردووە.

وەك بەیاننامەكە ڕوونی كردووەتەوە، كێشە و ململانێكە لە لێكدانەوە بۆ یاسای هەڵبژاردن پێوەست بە بێبەشكردنی كاندیدێك كە شیاو نەبێت بۆ پەرلەمانتاری و بەشداریكردن لە هەڵبژاردن، سەرچاوەی گرتووە.

سەرۆكوەزیرانی عێراق، نووری مالیكی، تۆمەتی دایە پاڵ ئەوانەی كە ئەویان خستووەتە بەر ڕەخنە و بە قۆزتنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان بۆ ڕێگریكردن لە بردنەوەی بۆ جاری سێیەم ڕێگریی لێ دەكەن.

بەیاننامەكەی كۆمسیۆن دەڵێت، دەستلەكاركێشانەوەیان لەپێناو سەربەخۆیی و بێلایەنیی كۆمسیۆنە و لە چاوەڕوانیی ڕەزامەندیی سەرۆكی كۆمسیۆنن.

هەواڵی پەیوەندیدار