ئەسیل نوجێفی بۆ KDP.info: هەن دەیانەوێت پرسی بدێوی دژ بە كورد بەكار بێنن و فیتنە بنێنەوە

هەولێر- KDP.info/ دەربارەی پرسی ڕۆژنامەنووس، محەممەدبدێوی، پارێزگاری نەینەوا، ئەسیل نوجێفی ڕایگەیاند، هەندێك هەن دەیانەوێت پرسی بدێوی بە ئاقاری وروژاندنی هەستی نەتەوایەتی دژ بە كورد بە كار بهێنن؛ هیوایشی خواست كە ئەو پرسە بۆ مەبەستی نانەوەی فیتنەی تایەفی نەقۆزرێتەوە.
چەند ڕۆژێكە كوشتنی د. محەممەد بدێویی ڕۆژنامەنووس كە هاوكات مامۆستای زانكۆیە، بووە بە پرسێك كە سیاسییەكان و دەستگاكانی ڕاگەیاندن و هەندێك دەخوازن بە ئاقاری كێشەی نەتەوایەتی دژبە كورد بە كاری بهێنن.
نوجێفی تایبەت بۆ ماڵپەڕی KDP.infoـی جەختی كردەوە، "پرسی شەهیدكردنی د. محەممەد بدێوی تاوانێكە بە هەموو پێوەرەكانی و پێویستە دادگا ڕۆڵی تەواوی خۆی تێدا بگێڕێت، چونكە دادگایە كە حوكم دەكات؛ ئاشكرایشە كە هەوڵ هەیە تەجاوزی ئەو پرسە بكرێ و تەجاوزی یاسایش بكرێت، بە شێوەیەكی گشتی دۆخی بەغدا كەوتووەتە بەر كاریگەریی ئەو پرسە و زۆر پرسی دیكەی هاوشێوەی بدێوییش هێندە لای ڕاگەیاندن دەنگدانەوەی نەبووە و كوشتن و ڕاوەدوونانی بەئەنقەستیش هەبوون بەرانبەر بە كەسایەتییەكان بەڵام ئەو كاردانەوانەی نەبووە."
نوجێفی ڕوونی كردەوە: "باوەڕم وایە كە ئەو پرسە دەبێ ڕۆڵی یاسایی تێدا ببینرێت و دادگا بڕیاری خۆی بگرێ و هەر ئەویش بەرپرسە لەم دۆسێیە، بێ ئەوەی پرسەكە بقۆزرێتەوە و هەوڵ هەبێت بە ئاقاری فیتنەی تایفەگەری و نەتەوەییدا ببرێت كە هەڵەیەكی گەورەیە؛ ناشبێت سەرۆكوەزیران ببێتە لایەنێكی ئەو بابەتە و دەبێت وەك باوكی عێراقییەكان مامەڵە بكات، بەڵام ئەو(مالیكی) دەڵێت لە خوێن بەرپرسە و دەبێت بەرپرسی خوێنی هەموو عێراقییەكیش بێت."
پارێزگاری نەینەوا جەختیشی كردەوە لەوەی كە هەندێك دەیانەوێت ئەو پرسە بقۆزنەوە و بە ئاقاری پرسەی نەتەوەیی دژبە كورددا بیبەن و، بۆیە دەبێت لەو جۆرە بیركردنەوە و قۆزتنەوانە دوور بكەوینەوە و دەبێت لەو حاڵەتانەدا فیتنە بكوژێنینەوە و بزانین كە چۆن بە رایانە لەو وڵاتەدا دەژین.
لقمان درویش




