سەرۆکی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان:بە كراوەی هێشتنەوە یان سازدانی كۆبوونەوە لە دەستەڵاتی مندا نییە
__2014_03_25_h14m35s42__BA.jpg)
ھەولێر- تایبەت بەKDP.info/ سەرۆکی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، ئێمە رێز لە بڕیاری دادگا دەگرین، بەڵام لە دەستەڵاتی ئێمەدا نییە دانیشتنی پەرلەمان ئەنجام بدەین.
سەرۆکی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان، محەمەد سادق سورچی، بەkdp.infoـی راگەیاند: بڕیاری دادگا بۆ ھەڵوەشاندنەوەی دانیشتنی کراوەی پەرلەمانی کوردستان، ئێمە رێز لەو بڕیارە دەگرین و یاسا سەروەرە، بەڵام پرسی دواکەوتنی پێکھێنانی حکوومەت و ھەڵنەبژرادنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دوور و نزیک پەیوەندی بە منەوە نییە، چونکە من ئەو دەستەڵاتەم نییە دوا بخرێت یاخود دانیشتەکە بکرێت، لەبەرئەوەی ئەمە لە دەستەڵاتی پەرلەمانتار و لایەنە سیاسییەکاندایە.
محەمەد سادق سورچی گوتیشی: لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمان فراکسیۆنەکان لە6/11/2013 دوای سوێندخواردنی پەرلەمانتاران کە پێش ئەوەی بگەمە سەر برگەی ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان یادداشتێکم بە دەست گەیشت کە فراکسیۆنەکان ھەموویان ئیمزایان کردووە و داوایان کردووە کە بڕگەی ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی دوا بخرێت تاوەکو لایەنەکان دەگەنە رێکكەوتن، دواتر دەقی ئەو داواکارییەكەم خستە دەنگدان و بەکۆی دەنگ پەسەند کرا.
سەرۆکی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان راشیگەیاند: لەئێستادا من ھیچ دەستەڵاتێکم نییە کۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجام بدرێت یاخود بەم شێوەیە بەردەوام بێت، وەهایش بڕیارە ھەفتەی داھاتوو سەرۆک فراکسیۆنەکان کۆ ببنەوە و تێدا باس لەو پرسەش دەکرێت بۆئەوەی بتوانین بگەینە رێكکەوتنێک.
ئەمڕۆ دادگای کاڕگێری ھەولێر بڕیاری دا بە ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری سەرۆکی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان بۆ ھێشتنەوەی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بە کراوەیی.
بڵند ئیبراھیم




