٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆكایەتیی هەرێم: پێویستە لە كەیسی بدێویدا، قەزا دوور لە حەزی ناڕەوای سیاسییەكان كێشەكە یەكلایی بكاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- KDP.info/سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكیدا لە بارەی پرسی بدێویی ڕۆژنامەنووسەوە ڕایدەگەیەنێت، "دوای ڕووداوەكە لێدوان و هەڵوێستی هەندێ كەسایەتیی سیاسیی عێراقی بوونەتە هۆی نیگەرانیی شەقامی عێراقی و دەچنە چوارچێوەی هەڕەشە لە ئاشتی و پێكەوەژیانی پێكهاتەكانی عێراق و فراوانكردنی ئاڵۆزییەكان و نانەوەی ئاژاوە و دووبەرەكی لەنێوان هاووڵاتییاندا."

 هاوكات بە ناوی گەلی كوردستانەوە دووپاتی دەكاتەوە"پێویستە لەم كەیسەدا قەزا دوور لە حەزی ناڕەوای سیاسییەكان ئەم كێشەیە یەكلایی بكاتەوە و چیتر ڕێگە نەدرێت دەنگی ناقۆڵا بەرز ببێتەوە و ئیستغلالی ئەم ڕووداوە بكەن. گەلی كوردستان بڕیاری داوە بە برایەتی و تەبایی و پێكەوەژیان لەگەڵ عێراقدا بژییَت."

لە كۆتاییدا بەیاننامەكە راشكاوانەیش بە دەستەڵاتدارانی بەغدا ڕادەگەیەنێت، "ئەگەر دەستەڵاتدارانی بەغدا ئەم برایەتییەیان نەوێت و هەر ڕۆژێك بە بیانوویەك كێشە دروست بكەن با بێن و پێكەوە دانیشین و كۆتایی بەم پەیوەندییە پڕكێشەیە بێنین."

 

دەقی بەیاننامەكەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان:

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان نیگەرانی و دڵتەنگیی خۆی بۆ گیان لەدەستدانی ئەكادیمی و رۆژنامەنووس دكتۆر محمد بدێوی رادەگەینێت كە لە رووداوێكی نەخوازراودا لە رۆژی 22/3/2014 لە شاری بەغدا بووە قوربانی. 

هەر بەم بۆنەیەوە هاوخەمیی خۆمان بۆ بنەماڵەكەی و سەرجەم میدیاكاران رادەگەیەنین. هیواخوازین دادگایەكی عادیلانە رێوشوێنی یاسایی پێویست بگرێتە بەر بۆ لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە و یەكلاكردنەوەی ئەم دۆسیەیە.

لەم چەند ڕۆژەدا بەهۆی بەدواداچوونی وردی ڕووداو و لێدوانەكان هیوامان دەخواست ئەم بابەتە لە سنووری یاسایی خۆی دەرنەچێت و پێمان باشە یاسا و دەسەڵاتی قەزایی دوور لە دەستێوەردانی سیاسییەكان ڕۆڵی بێلایەنانەی خۆی بگێڕێت.

دوای ڕووداوەكە لێدوان و هەڵوێستی هەندێ كەسایەتیی سیاسیی عێراقی بوونەتە هۆی نیگەرانیی شەقامی عێراقی و دەچنە چوارچێوەی هەڕەشە لە ئاشتی و پێكەوەژیانی پێكهاتەكانی عێراق و فراوانكردنی ئاڵۆزییەكان و نانەوەی ئاژاوە و دووبەرەكی لەنێوان هاووڵاتییاندا. لێرەدا بە پێویستی دەزانین رای گشتی عێراقی ئاگادار بكەینەوە كە نابێت رێگا بە هیچ كەس و لایەنێك بدرێت درز بخاتە ناو برایەتیی پێكهاتەكانی عێراق و بازرگانیی بە گیانی دكتۆر محمد بدێوی بكرێت.

جێگەی داخە لە دوای ڕوودانی ئەم كارەساتە سەرۆك وەزیرانی عێراقی وشەی نامۆ و ناشرینی خوێن لەبەرانبەر خوێنی بەكار هێناوە كە دوورە لە بنەماكانی باڵادەستیی یاسا و دەوڵەتداری و كولتووری پێكەوەژیان و دیموكراسی. لە سایەی زێدەڕۆیی هەندێ لایەن و ئەم دۆخە ئەمنییە نالەبارەی لە عێراقدا هاتووەتە ئاراوە خەڵكێكی زۆر كوژراوە و لەم چەند ساڵەدا 400 مامۆستای زانكۆ لە عێراقدا تیرۆر كراون و كەس خۆی نەكردە خاوەنی خوێنیان و دەسەڵاتی بەغدا هیچ هەوڵێكی نەدا بۆ دۆزینەوەی تاوانباران. ئێستا كە هاووڵاتییەكی كورد لایەنێكی ئەم ڕووداوە نەخوازراوەیە دەیانەوێت لەڕووی سیاسییەوە ئیستغلالی بكەن و بیكەنە بابەتێكی زۆر مەترسیدار و هەوڵێك بۆ نانەوەی فیتنەی نێوان نەتەوە و پێكهاتەكانی عێراق. بۆیە بەرپرسیارێتیی هەر ڕووداو و كاردانەوەیەكی ئەم ڕەوشە دەكەوێتە ئەستۆی ئەوانەی دەیانەوێ ڕووداوەكە بۆ مەرامی سیاسی بەكار بهێنن.

ئەگەر دەستەڵاتدارانی عێراقی بەم لۆژیكە سەیری ڕووداوەكان دەكەن پرسیار ئەوەیە كێ خوێنی 5000 شەهیدی هەڵەبجە و 182000 ئەنفال و 8000 بارزانی و 12000 فەیلی دەداتەوە؟ سەرباری ئەم قوربانییە مەزنە گەلی كورد لەپێناو بنیاتنانی ژیانێكی تازە و هیوایەكی نوێ هیچكات ئامادە نەبوو بڵێ: " خوێن لەبەرانبەر خوێن".

لێرەدا بەناوی گەلی كوردستان دووپاتی دەكەینەوە كە پێویستە لەم كەیسەدا قەزا دوور لە حەزی ناڕەوای سیاسییەكان ئەم كێشەیە یەكلایی بكاتەوە و چیتر ڕێگە نەدرێت دەنگی ناقۆڵا بەرز ببێتەوە و ئیستغلالی ئەم ڕووداوە بكەن. گەلی كوردستان بڕیاری داوە بە برایەتی و تەبایی و پێكەوەژیان لەگەڵ عێراقدا بژییت. ئەگەر دەستەڵاتدارانی بەغدا ئەم برایەتییەیان نەوێت و هەر ڕۆژێك بە بیانوویەك كێشە دروست بكەن با بێن و پێكەوە دانیشین و كۆتایی بەم پەیوەندییە پڕكێشەیە بێنین.

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان

24ـی 3ـی 2014

 

هەواڵی پەیوەندیدار