پۆلیسی هەولێر: لە ڕۆژانی نەورۆزدا تەنیا 4 حاڵەتی تاوان تۆمار كراون

گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، لە هەرسێ رۆژی نەورۆزدا تەنیا 4 حاڵەتی تاوانی سووك لە هەولێر تۆمار كراون و ئەم نەورۆزەش بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشوو، ئارامترین نەورۆز بووە.
ئەمڕۆ 2014/3/24 لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا كە بۆ گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر و گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر لە هۆبەی ڕاگەیاندن ساز كرا، گرنگترین ئامار و رووداوەكانی ماوەی هەر سێ رۆژانی نەورۆز بۆ دەزگاكانی راگەیاندن خرایە ڕوو.
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، ڕائید كاروان شێخ عەبدولكەریم، رایگەیاند، نەورۆزی ئەمساڵ بە بەروارد لەگەڵ ساڵانی رابردوو ئارامترین نەورۆز بوو، بەو پێیەی لە ماوەی هەر سێ رۆژەكەدا تەنها (4) تاوان تۆمار كراوە كە دووانیان تاوانی دزی و دووەكەی تریشیان تاوانی شەڕ بووە، هەروەها هەر چوار تاوانەكەش تاوانی سووك بوون و نەگەیشتووەتە ئاستی ترسناك.
ڕائید كاروان هەروەها ڕوونیشی كردەوە، ئەو پلانە ئەمنییەی كە بە هاوكاریی هێزە ئەمنییەكانی تر بۆ نەورۆز و بۆنەكانی ئادار دایانڕشتبوو، زۆر سەركەوتوو بوو و جگە لەوەش هاوكاریی هاووڵاتیان لەگەڵ هێزە ئارامیپارێزەكان، وای كرد كەمترین حاڵەتی تاوان لە سێ رۆژی نەورۆزدا تۆمار بكرێت.
لە بە شێكی دیكەی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا، گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر، نەقیب فازڵ حاجی، گوتی، بە بەراوردی ساڵی رابردوو ڕووداوەكانی هاتوچۆ لە نەورۆزدا كەمیان كردووە بە شێوەیەك لە ساڵی رابردوودا 12 ڕووداوی هاتوچۆ تۆمار كراون، بەڵام لەم نەورۆزەدا تەنیا 7 ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویان داوە و بە هۆیانەوە سێ كەس گیانیان لە دەست داوە و 15 كەسی دیكەیش زامدار بوون.




