محەممەد خالیدی: ئەنجوومەنی نوێنەران دانیشتنەكان رادەگرێت، تا بەغدا و هەولێر رێك دەكەون

بەغدا - KDP.info/ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری دا تا ئەو كاتەی حكوومەتی بەغدا و هەولێر دەگەنە رێككەوتن لەبارەی چارەسەری كێشەكانی بەردەم بودجەی گشتیی ئەمساڵ، دانیشتنەكانی رابگرێت.
بڕیاردەری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەممەد خالیدی، رایگەیاند دانیشتنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران كاتێك دەست پێ دەكەنەوە كە هەردوو حكوومەتی هەرێم و بەغدا دەگەنە رێككەوتن لەبارەی بودجەی گشتیی ئەمساڵ؛ گوتیشی كە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران بڕیاری داوە دانیشتنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ كاتێكی تر دوا بخات، ئەمەش لەپێناو ئەوەی كە دەرفەتێكی زیاتر بدرێت بە دانوستان و وتوێژەكان لەبارەی رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا لەبارەی بودجەی گشتیی وڵات.
هەڵوێستی كوتلە كوردستانییەكان لەبارەی دانیشتنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران ئەوەیە كە بەشداریی دانیشتنەكان نەكەن ئەگەر مەسەلەی بودجەی گشتی بەمجۆرەی ئێستاوە بخرێتە ئەجێندای دانیشتنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە.
ئهردهلان گۆران




