٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئەرکی پاراستنی دەروازەکانی کۆشکی کۆماری لە کورد دەسەندرێتەوە و دەدرێتەوە عەرەب

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- KDP.info/وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند ئەرکی پاراستنی دەروازەکانی کۆشکی کۆماری لە بەغدا لە لیوای یەک و دووی پاراستنی سەرۆککۆمار سەندرایەوەو بە لیوای سێی سوپای عێراق سپێردرا.


گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق و ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، سەعد مەعن، بە رووداوی ڕاگەیاندووە
"بەهۆی کوژرانی رۆژنامەنووس محەممەد بدێوی دوێنی لەسەر دەستی ئەفسەرێکی لیوای دووی پاراستنی سەرۆک کۆمار وەزارەتی ناوخۆ و ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا ئەرکی پاراستنی دەروازەکانی کۆشکی کۆماری لە ناوچەی جادرییەی بەغدا لە لیوای یەک و دووی پاراستنی سەرۆک کۆمار سەندەوەو بە لیوای سێی سوپای عێراقی سپارد".

مەعن گوتیشی "رۆڵی لیوای یەک و دووی پاراستنی سەرۆک کۆمار تەنها هاوکاریکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدایە لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری پایتەخت و لەبەر ئەوەی ئێستا هێزە ئەمنییەکانی عێراق زۆر بەتواناترن دەتوانن دەستبەرداری هاوکاری ئەو دوو لیوایە ببن".

ئەمە لەکاتێکدایە عەمید کەهدار، فەرماندەی لیوای دووی پاراستنی سەرۆک کۆماری عێراق لە بەغدا راگەیاند:

"
هیچ لایەنێکی بەرپرسی عێراق داوایان لە لیوای یەک و لیوای دووی پاراستنی سەرۆک کۆماری عێراق نەکردووە بەغدا بەجێ بهێڵن و ئێمە بە فەرمانی نووسینگەی سەرۆک کۆمار نەبێ بەغدا بەجێ ناهێڵین".

عەمید کەهدار زیاتر گوتی "ئەو رۆژنامەنووسەی کە دوێنێ لە بەغدا کوژرا بە سایدی پێچەوانەوە ویستبووی لە بازگەیەکی لیوای دووی پاراستنی سەرۆککۆمار دەرباز ببێ، بەڵام ئەفسەرێک رێگەی پێنەدابوو و دواتر رۆژنامەنووسەکە لەگەڵ ئەفسەرەکە بەشەڕهاتبوو ئەفسەرەکەش رۆژنامەنووسەکەی کوشت".

وەزارەتی ناوخۆی عێراق پێشتر رایگەیاند "تۆمەتبارەکەی لیوای پاراستنی سەرۆککۆماری عێراق، کە بە کوشتنی رۆژنامەنووس محەممەد بدێوی تاوانبارە رادەستی هێزە ئەمنییەکانی عێراق کرا".

هەروەها پێشوەخت بەڕێوەبەری روانگه‌ی ئازادییە رۆژنامەگەرییەکان لە عێراق، زیاد عجێلی، راگەیاند: "بەهۆی دەمەقاڵێی محەممەد بدێوی لەگەڵ پێشمەرگەیەکی لیوای پاراستنی جەلال تاڵەبانی لە بەغدا کوژرا".

 

هەواڵی پەیوەندیدار