مالیكی سەركردە سەربازییەكان دەگۆڕێ و پەرلەمانتارانیش لە بایەخی گۆڕانكارییەكان كەم دەكەنەوە

هەولێر-KDP.info/ پاش رۆژێك لە داواكاریی مەvجەعی شیعی لە عێراق بۆ گۆڕینی پلانی ئەمنی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، نووری مالیكی ژمارەیە لە گەورەبەرپرسانیسەربازی گۆڕین و هاوپەیمانیی كودستانی و لیستی موتەحیدوونیش وەها گۆڕانكارییەك كە بەدەر بێت لە گۆڕینی پلانی ئەمنی بە بێبایەخ ناو دەبەن.
بەپێی گۆڕانكارییەكان سەركردەی پرۆسەكانی نەینەوا، فەریق ڕوكن باسم ئەلتائی لە شوێنەكەی خۆی لادا و سەركردەی فیرقەی سێی پۆلیسی فیدراڵ، فەریق ڕوكن مەهدی عەززاوی لە جێگەكەی دانا، باسم ئەلتائیشی كراوە بە سەركردەی پرۆسەكانی بەسەر كە بەر لە گۆڕانكارییەكە فەریق عەبدولئەمیر ئەللامی سەركردەی بوو. هەروەها سەرۆكی فیرقەی دووی سەربە سوپای ڕادەستی، فەریق ڕوكن عەلی ئەلفەریجی كرد كە ئەركەكەی لە سەركردایەتیی پرۆسەكانی سەڵاحەددینە؛ هەروەها سەركردایەتیی فیرقەی دووی دا بە عەمید ڕوكن عەبدولموحسین فەتحی جەبار.
لیژنەی ئەمن و بەرگریی پەرلەمانی عێراق پێی وایە "هەر گۆڕانكارییەك لە سەركردە ئەمنی و سەربازییەكان، كەڵكی نابێت، ئەگەر پلانی سەربازی بەم شێوەیەی ئێستای بمێنێتەوە."
ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی، شوان محەممەد تەها، بە شەرقولئەوسەتی ڕاگەیاندووە، "ئەو گۆرَانكارییانە و ئەوانی تریش كەمبایەخن، چونكە كێشە سەركردە سەربازی و ئەمنییەكان نین و ئەوان توانستی پیشەییان هەیە، ئێمە پێویستمان بە گۆڕینی پلان وستراتیژی تایبەت بە ئاسایش هەیە."
تەها زیاتر گوتی، "بواری ئەمنی پێكهاتەیەكە كە مەشق، پڕچەككردنی پێویستە و دەبێت پلانی نزیك، ناوەند و درێژخایەنی هەبێت و هەموو بوارەكان لەخۆ بگرێت، بە بواری كۆمەڵایەتی و بوژانەوەیشییەوە، چونكە ناكرێت كێشەی بێكاری و هەژاری چارە نەكەیت و پێیشمان وا بێت دەتوانرێت كۆتایی بە كاری تیرۆریستی بهێنرێت."
لای خۆیەوە ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لیستی موتەحیدوون كە هاوكات ئەندامی لیژنەی ئەمنی و بەرگرییشە، مەزهەر جەنابی دەڵێت، "بە داخەوە بواری ئەمنی و سەربازی شكستی بردووە لە بەرەوڕووبوونەوەی هێزە تیرۆریستییەكان، ئەمەر للەبەر ئەوە نییە كە تیرۆر بەهێزە،بەڵكو ئەوەیە كە بەرپرسارەتی نییە و گەنەڵی ماددی و ئیداری لە دامەزراوەی ئەمنیدا هەیە. هاوكات گوێ لە ڕای ئەوی دی ناگیرێت و چونكە هەمیشە دەخرێتە بەری دوژمنەوە."
ئەو ئەندامەی موتەحیدوون هاوكات دەڵێت "بەرپرسان خۆیان دامەزراوەی ئەمنییان شكست پێ بردووە، وایان كردووە هاووڵاتی بەرەوڕووی مەرگ و توندوتیژی ببێتەوە، مانەوەی دۆخەكەیش بەم شێوەیەی هەیە، ئاماژەیە بە مەترسییەكی گەورە."




