وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه: ئه‌مجاره له سوپای عێراقی قبوڵ ناكه‌ین چونكه ده‌یانه‌وێ هێزی پێشمه‌رگه ده‌ربكه‌ن

بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند, ئه‌و هێزه‌ی سوپای عێراق به به‌رنامه بۆ دارێژراو جوله‌یان بۆ ناوچه‌ی خابور كردووه له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ژماره‌یه‌ك هه‌لیكۆپته‌ریان ئاماده‌كردووه, له به‌رامبه‌ر دا لیوای هه‌شتی هێزی پێشمه‌رگه, سوپای عێراقی راگیركردووه و له ئاماده باشیدان, داوای له‌سوپای عێراق كرد, پاشه‌كشه بكات ئه‌گه‌رنا خۆیان به‌رپرسیارن.
ئه‌نوه‌ری حاجی عوسمان وتیشی: دوای ئه‌وه‌ی به‌ربه‌یانی ئه‌مڕۆ لیوای هه‌شتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ئاگاداری كردینه‌وه كه هێزێكی زۆری سوپای عێراقی كه له دوو لیوا پێكهاتووه به‌ره‌و ناوچه‌ی خابور به‌رێكه‌وتووه به مه‌به‌ستی داگیركردنی ئه‌م ناوچانه له به‌رامبه‌ری ئه‌مه‌شدا لیوای هه‌شتی هێزی پێشمه‌رگه, سوپای عێراقی راگیركردووه له ئێستاشدا هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له‌م ناوچانه له ئاماده‌باشیدان.
وتیشی: به‌پێی زانیارییه‌كان ئه‌و هێزه‌ی سوپای عێراق به به‌رنامه دارێژراو جوله‌یان بۆ ناوچه‌ی خابور كردووه له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ژماره‌یه‌ك هه‌لیكۆپته‌ریان له فرۆكه‌خانه‌كانی ناوچه‌ی موسل ئاماده‌كردووه هه‌روه‌ها تانك و پێداویستی جه‌نگی زۆریان له گه‌ڵ خۆیان هێناوه تا سنووری هه‌رێمی كوردستان و سووریا داگیربكه‌ن.
حاجی عوسمان ئه‌وه‌شی خسته‌روو: ئێمه وه‌ك هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان وه‌ك لیوای هه‌شتی پیاده‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه به دڵنیایه‌وه به‌رگری ده‌كه‌ین, به سوپای عێراقی ده‌ڵێین بگه‌ڕێنه‌وه دواوه, به پێچه‌وانه‌وه به هێز و به‌رگری پاشه‌كشه به سوپای عێراقی ده‌كه‌ین.
بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه باسی له‌وه‌شكرد: شه‌رانگێزی سوپای عێراقی ئه‌مجاره به ئاشكرا دیاره و به به‌رنامه هاتوون ده‌یانه‌وێ هێزی پێشمه‌رگه ده‌ربكه‌ن و سوپای عێراقی جێگیر بكه‌ن بۆیه ئێمه لێیان قبوڵ ناكه‌ین و داواش له سوپای عێراقی ده‌كه‌ین ئه‌و هێزه پاشه‌كشه پێبكات ئه‌گه‌ر نا خۆیان به‌رپرسیارن له دروستبوونی هه‌ر پێشهات و پێكدادانێك له نێوان سوپای عێراقی و هێزی پێشمه‌رگه ئه‌و كاته‌ش حكومه‌تی عێراقی و سوپای عێراقی لێی به‌رپرسیارن.
له كۆتایی لێدوانه‌كه‌یدا ئه‌نوه‌ری حاجی عوسمان بریكاری وه‌زراه‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان روونیكرده‌وه: ئه‌و شه‌رانگێزیه‌ی سوپای عێراقی له ساڵی 2008ـه‌وه هه‌یه به‌لاَم ئێمه شه‌رمان نه‌كرد, له سه‌عدیه و جه‌له‌ولا و نه‌فتخانه سوپای عێراقی فشارێكی زۆریان كرد به‌لاَم سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد نه‌رمی نواند, بۆیه من بۆچونم وایه به‌رنامه‌ی ئه‌و كاته‌یه ئێستا جێبه‌جێی ده‌كه‌ن, بۆیه به دڵنیایه‌وه ئه‌م جاره له سوپای عێراقی قبوڵ ناكه‌ین و ئێمه سه‌ری خۆمان داده‌نێین بۆ پاراستنی ئه‌و ناوچانه.




