نەورۆز لە پەڕلەمانی ئەورووپا ساز کرا

ئەورووپا- KDP.info/بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە پەرلەمانتارانی ئەورووپایی، کاربەدەستانی دیپلۆماسی و وڵاتانی ئەورووپا و باڵیۆزانی عێراق لە بەلژیکا و هۆڵەندا، دوێنێ چوارشەممە 19/3/ 2014 مەراسیمێکی تایبەت بە بەرزڕاگرتنی جەژنی نەتەوەیی کورد(نەورۆز) لە پەرلەمانی ئەورووپادا بەڕێوە چوو.
ئەم مەراسیمە کە لە لایەن نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا بە هاوکاری لەگەڵ پەرلەمانتاری ناسراوی ئەورووپایی 'نیکۆلۆ ڕینالدی' ساز کرابوو، بە مارشی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و سروودی نەورۆز دەستی پێکرد کە بە شێوەیەک ئامادە کرابوو لە لایەن ئامادەبووانی بیناییەوە دەگووترانەوە.
پاشان لە وتەیەکدا نیکۆلۆ ڕینالدی خۆشحاڵی خۆی بەو بۆنەیە دەربڕی و گوتی: ئەمە یەکەم جارە کە بۆنەیەک سەبارەت بە نەورۆزی کورد لە پەرلەمانی ئەورووپا ساز دەکرێ و و لە درێژەی وتەکەیدا ئاماژەی دا بەوەی کە کوردستان خاوەنی فەرهەنگێکی ڕەنگین و پڕبایەخە و ئەم مەراسیمەش دەرفەتێکە بۆ پتر ئاشنابوونی ئەورووپاییەکان بە جەژنی نەورۆز و بە سەدای دەف کە ئامێرێکی ڕەسەنی کوردە و بە جل و بەرگی ڕەنگینی کوردەکان.
پاشان لە وتەیەکدا دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا، وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ پەڕلەمانی ئەورووپا و بە تایبەتی پەرلەمانتار نیکۆلۆ ڕینالدی، پوختەیەکی لە بارەی جەژنی نەورۆز و ناوەرۆک و گرنگییەکەی بۆ نەتەوەی کورد بۆ پێشکەشی ئامادەبووان کرد.
لە وتەکەیدا نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە لە تەک پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکاندا، پەیوەندی فەرهەنگی لایەنێکی گرنگ پێکدێنێ بۆ ناساندنی کورد و نزیکبوونەوەی پتر لەگەلان و وڵاتانی ئەورووپایی و ئەم بۆنەیەش لە پەرلەمانی ئەورووپا بەو ئامانجە ڕێکخراوە.مەراسیمەکەی نەورۆز لە پەڕلەمانی ئەورووپا بە دەنگی دەف و هەڵپەڕکێی کوردی بەردەوام بوو کە ئەوەش بووە مایەی خۆشحاڵی و سەرسامیی ئامادەبووانی بیانی نێو مەراسیمەکە.




