پۆلیسی ھەولێر: بۆ جەژنی نەورۆز پلانێکی ئەمنیی تۆکمە دانراوە
__2014_03_20_h13m47s49__BA.jpg)
ھەولێر- kdp.info/بەرێوبەری راگەیاندنی پۆلیسی ھەولێر دەڵێت، بۆ رۆژانی جەژنی نەورۆز پلانێکی ئەمنیی تۆکمە دانراوە بۆ پاراستنی سەروماڵی ھاووڵاتیان.
بەرێوبەری راگەیاندنی پۆلیسی ھەولێر، راید کاروان عەبدولکەریم، بە kdp.infoـی راگەیاند: ئێمە وەکو بەرێوبەرایەتیی پۆلیسی ھەولێر بە ھاوکاریی ھێزەکانی پێشمەرگە و زێرەڤانی و ئاسایش، پلانێکی ئەمنیی تۆکمە دارێژراوە، کە لە 10ـی ئادارەوە دەستی پێکردوە و بەردەوامیش دەبێت، چونکە لەم مانگە بانگەشەی ھەڵبژاردنیش دەست پێدەکات، بۆیە تاوەکو کۆتاییھاتنی بانگەشەیش بەردەوام دەبێت.
راید کاروان عەبدولکەریم گوتیشی: بۆ رۆژانی جەژنی نەورۆز بەرێوبەرایەتیی پۆلیسی ھەولێر و بەرێوبەرایەتییەکانی دیکەی سەربە بەرێوبەرایەتیی پۆلیسی ھەولێر لە ئامادەباشیدا دەبن، لەوانەش بەرێوبەرایەتیی نەھێشتنی تاوانی ھەولێر لەناو شار دەمینێنەوە لەبەرئەوەی لە جەژنی نەورۆزدا خەڵک سەفەر دەکەن بۆ شوێنە گەشتیارییەکان و ھێزەکانی پۆلیسی ئامادە و فریاکەوتن لە دەروەی شاری ھەولێر دەبن، بۆئەوەی ھەر رووداوێکی نەخوازراو روو بدات کۆنترۆڵی بکەن.
بەرێوبەری راگەیاندنی پۆلیسی ھەولێر راشیگەیاند: داواکارین لە ھاووڵاتیان دەرگای ماڵەکانیان دابخەن و کارەباکەشیان بکوژێننەوە و بە متمانەوە گەشتەگانیان بکەن و، ئێمەیش سەروماڵەکانیان دەپارێزین، بەڵام ھەر رووداوێکی نەخوازراویان بینی ئێمەی لێ ئاگادار بکەنەوە.
بڵند ئیبراھیم




