٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆك بارزانی: "ئێمە پێكەوە بەهێزین، پێكەوە سەردەكەوین و پێكەوە وڵاتەكەمان پێش دەخەین"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- KDP.info/سەرۆكی هەرێمی كورستان، مەسعوود بارزانی، بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە ڕایدەگەیەنێت، گەلی كورد لە ڕێگەی خەبات و ئازادیخوازیدا نەهامەتیی زۆری بینیوە و قوربانیی بێ هەژماری داوە. هاوكات دەڵێت، "ئێمە پێكەوە بەهێزین، پێكەوە سەردەكەوین و پێكەوە وڵاتەكەمان پێش دەخەین." كوردستانیانیش دڵنیا دەكاتەوە لەوەی كە خەبات و قوربانیدانیان بەفیڕۆ ناڕوات و ئاییندەیەكی گەش چاوەڕێی كوردستان دەكات.

بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە سەرۆكی هەرێمی كورستان، مەسعوود بارزانی، پەیامێكی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك بڵاو كردەوە كە ئەمەده‌قی په‌یامه‌كەیە‌:
جەماوەری خۆشەویستی كوردستان..
پڕ بەدڵ پیرۆزبایی جەژنی نەتەوەیی نەورۆزتان لێ دەكەم. هیوادارم هەردەم لە خۆشی و بەختەوەریدا بن. پیرۆزبایی لەهەموو تاكێكی كورد و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كوردستان و پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەم.
نەورۆز بۆ هەموومان مانای سەركەوتن و هیواو دەستپێكێكی تازە دەدات. گەلەكەمان لە ڕێگەی خەبات و ئازادیخوازیدا نەهامەتیی زۆری بینیوە و قوربانیی بێ هەژماری داوە. دەمەوێ لەوە دڵنیاتان بكەمەوە كە خەبات و قوربانیدانتان بەفیڕۆ ناڕوات و ئاییندەیەكی گەش چاوەڕێی كوردستان دەكات. بڕوام بەهێزو تواناو خۆڕاگریی ئێوەی سەربەرز هەیە و بە پاڵپشتیی خودای مەزن و ئێوەی ئازیز، كوردستان بەسەر گشت ئاستەنگەكاندا سەردەكەوێت و پێشكەوتنی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت.
لەم بۆنە نەتەوەییەدا داوا لە گشت لایەك دەكەم لە هەوڵی قووڵتركردنی یەكڕیزی و تەبایی و كولتووری پێكەوەژیان و ئاشتیخوازی دابن. ئێمە پێكەوە بەهێزین، پێكەوە سەردەكەوین و پێكەوە وڵاتەكەمان پێش دەخەین. داوایش لە هاووڵاتیانی خۆشەویست دەكەم لە شادی و سەیرانەكانیاندا ژینگە و جوانی و سرووشتی كوردستان بپارێزن، تكایە.
نەورۆزتان پیرۆز، هەر بژین لەخێر و شادیدا.

 

هەواڵی پەیوەندیدار